داوای زەریف لە وڵاتانی ئیسلامی بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژیی لەدژ موسڵمانانی میانمار
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوازیاری هەنگاوی پراکتیکی وڵاتانی ئیسلامی بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان لەدژ موسڵمانانی میانمار بوو.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لەپەیوەندیی تەلەیفونیی جیاجیا لەگەڵ مەولوود چاووش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەنیفە ئەمان، وەزیری دەرەوەی مالزیا و ڕێتنۆ مارسودی، وەزیری دەرەوەی ئەندۆنزیا، نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ دۆخی دڵتەزێنی موسڵمانانی میانمار و خوازیاری گرینگی دانی زیاتر و هەنگاوی پراکتیکی وکردەیی وڵاتانی ئیسلامی بوو بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییە ناڕەواو نامرۆییەکان لەدژ ئەوان.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لەو پەیوەندییە تەلەیفونیانە، ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند بۆ هەرچەشنە یارمەتیدان و گرتنەبەری ڕێکارگەلی گشتی لەلایەن کۆمەڵگا جیهانییەکان و وڵاتانی ئیسلامیی.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا نەوەد هەزار کەس لە موسڵمانانی رۆهینگیایی لەپارێزگای راخین لەئەنجامی تاوسەندنی پەلامارەکانی سوپاو بوداییە توندڕەوەکانی میانمار، هەڵاتوون.
بەهۆی پەلاماری نوێی سوپای میانمار بۆسەر موسڵمانانی رۆهینگیایی لەپارێزگای راخین ، ڕۆژاوای ئەو وڵاتە کە لەنزیک دوو حەوتەی ڕابردووەوە دەس پێ بووە، دەیان کەسیش کوژراون.
حکومەتی میانمار ، ملوێنێک موسڵمانی رۆهینگیایی بە کۆچبەری نایاسایی دەزانێ و هیچ مافێکی شارومەندی بۆ ئەوان لەبەرچاو ناگرێ.
تەشەنای سەرکوت کردنی موسڵمانان لە میانمار لەساڵی٢٠١٢وە تائێستا هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوەو دەیان هەزار کەسیشی ناچار کردووە ماڵ وحاڵیان جێ بێڵن.