رۆحانی : ئەندامانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کۆکن لەسەر لەگوشارنانی حکومەتی میانمار
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی : سەرانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی،هاودەنگ و هاوهەڵوێستن لەسەر پێویستیی یارمەتیدانی ئاوارە رۆهینگیاییەکان و لەگوشار نانی حکومەتی میانمار بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژیی موسڵمانان.
حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکانی سەرانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لەبواری زانست وتەکنۆلۆژیا لە ئاستانەی قەزاقستان وهەروەها دانیشتنی تایبەت بۆ تاووتوێی ڕەوشی موسڵمانانی میانمار، دوێشەو(یەکشەممە) گەیشتەوە تاران.
حەسەن ڕۆحانی کاتێک گەیشتەوە تاران، وتی: لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لەمەڕ لەگوشارنانی حکومەتی میانمار بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژیی موسڵمانان پێیان داگرتووە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدیدار و دیمانەی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆک کۆمارانی قەزاقستان، تورکیا، کۆماری ئازەربایجان و ئۆزبەکستانیش ، جەختی کرد لەسەر پێویستیی گرینگیدانی جیددی جیهانی ئیسلام بە ڕەوشی موسڵمانانی ستەملێکراوی رۆهینگیایی.
هەروەها محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنج شەممە پێی داگرت؛ هیچ پاسایەک نییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای جیهانی ڕێگەبدات کۆمەڵکوژیی موسڵمانانی رۆهینگیایی لەبەر چاوان، درێژەی هەبێت.
ئیبراهیمی ڕەحیم پور جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رۆژی هەینی ڕایگەیاند، یارمەتییەکانی ئێران بۆ موسڵمانانی رۆهینگیایی ئامادەی بەڕێکردنە.
لە ڕۆژی هەینی٢٥ی ئاگۆستەوە تائێستا لە شەپۆلی نوێی پەلاماری سەرکوتکارانەو دەسدرێژکارانەی سوپای میانمار لەدژ موسڵمانانی رۆهینگیا لە پارێزگای راخین، لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە، زیاتر لە شەش هەزار موسڵمانی رۆهینگیایی کوژراون و هەشت هەزار کەسی دیکەش بریندار بوونە.
پارێزگای راخین لە ساڵی٢٠١٢وە شایەتی پەلامارەکانی سوپای میانمار و بوداییە توندڕەوەکان لەدژ موسڵمانانی رۆهینگیایە. یەک ملوێن موسڵمانی رۆهینگیا لەمافی شارومەندی لە میانمار بێ بەشن.