زەریف: ئاسایشی کەنداوی فارس دەبێ لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێ
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کرد: کەنداوی فارس ناوچەیەکی گرینگە کە دەبێ بەستێنی هاوکاری و ئاسایشی، لەلایەن وڵاتانی دەورووبەری دابین بکرێ.
مەحەممەد جەوادی زەریف ئەمڕۆ دووشەممە لەپەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی سی ئاڤریل(دەی گوڵان) وەک رۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس، وتی: ڕێکاری پراکتیکی، بیرۆکەی دامەزرانی کۆگەی وتووێژ و دیالۆگی ناوچەیی، تەنیا لەڕێی وتووێژ، هاوکاری و متمانەسازی مومکین دەبێ.
ئەمڕۆ دووشەممە سی ئاڤریلی٢٠١٨، ساڵڕۆژی دەرکرانی ئیستعمارگەرانی پورتوگالی لەئاوە باشوورییەکانی ئێران لەساڵی١٦٢٢ی زایینی، وەک رۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس ناودێر کراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، بەئاماژە بەوەی کە کەنداوی فارس تەنیا بەستێنێکی ئاویی نییە، وتی: ئەوە ڕاستییەکەی مێژوویی، هەزاران ساڵەو کەلەپورێکی بەنرخە کە لە باووباپیران و ڕابردووانی دانیشتووی ناوچەکانی دەورووبەری، بەئێمە گەیشتووە.
ناوبراو وتوویەتی: کەنداوی فارس ئاخێزگەو سەرچاوەی بەها کولتوری و خۆماڵییە بەیادگار ماوەکانە کە تێکەڵ بە ماک و ژیانی ناوچەی رۆژاوای ئاسیا بووەو بەپاڵپشتیی ئەو میرات و کەلەپورە، خۆی ئەمرۆ بووە بەهێماو سەمبولی مێژوو و کولتوری ناوچەکە.
سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێی داگرت: کەنداوی فارس لەسەردەمانی ڕابردوودا سەرەکیترین شاڕێی وزەو تیجارەتی جیهانی لەخۆدا جێ کردۆتەوە.