ته‌مووز 31, 2018 13:22 Asia/Tehran
  • بەرز بوونەوەی ئاستی هاوردەی نەوتی هیندستان لە ئێرانەوە

وێرای ئەو زەخت و گوشارەی دەخرێتە سەر نیودێهلی، وەزیری نەوتی هیندستان رایگەیاند کە رادەی هاوردەی نەوتی نەپاڵاوتەی ئەم وڵاتە لە ئێرانەوەی زیاتر بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ "دارمێندرا پراداهان" Dharmendra Pradhan ڕۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی هیندستان  بە ڕەت کردنەوەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسە توێژینەوەکانی ڕۆژاوا سەبارەت بە دابەزینی ئاستی هاوردەی نەوتی نەپاڵاوتەی ئەم وڵاتە لە ئێرانەوە وتی: پاڵاوتگەکانی هیندستان ژوەنی ئەمساڵ لە چاو ژوەنی ساڵی رابردوو (٢٠١٧) ، سەتی ٤٨ زیاتر نەوتیان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.

وەزیری نەوتی هیندستان وتی: هیندستان ژوەنی ساڵی ڕابردوو ١.٩ ملوێن تەن نەوتی نەپاڵاوتەی لە ئێران کڕیوە، لە کاتێکدا کە ئەو ڕادەیە ژوەنی ئەمساڵ گەیشتە ٢.٨٢ ملوێن تەن.

لە سەفەری فێڤرییەی ڕابردووی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هیندستان، نیودێهلی بەڵێنی دا هاوردەی نەوتی نەپاڵاوتەی خۆی لە ئێرانەوە لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بگەیەنێتە ٣٩٦ هەزار بەرمیل.

دەوڵەتی ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) هاتە دەرەوە و دوابەدوای ئەوەش ڕایگەیاند تا چوارەمی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ هەناردەی نەوتی ئێران دەگەیەنێتە ئاستی سفر.

هەر لەم ئاراستەیەدا واشینگتۆن داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە وەکوو بەشێک لە بایکۆتە ئابوورییەکانی دژ بە تاران، ئاستی هاوردەی نەوتیان لە ئێرانەوە تا سفر دابەزێنن.

بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕایانگەیاندووە کە ئەو داخوازەی ئەمریکا بەجێ ناهێنن.

 

سەرپەیڤ