ئه‌یلوول 10, 2018 19:48 Asia/Tehran
  • دیدار و ڕاوێژکارییەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەتاران

باڵوێزانی سێنێگال، قەزاقستان، ژاپۆن، یاریدەری وەزیری دەرەوەی نیوزیلەندو ڕێکخەری نوێ و نوێنەری دانیشتووی بەرنامەی بنیات نانەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەئێران ئەمڕۆ دووشەممە لەتاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیدار و وتووێژیان کرد.

"ئەحمەدو سۆ" باڵوێزی نوێی سێنێگال لە تاران لە دەسپێکی فەرمانبەرێتییەکەی لە ئێران لەگەڵ محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و کۆپی نامەی مانەوەی خۆی پێشکەشی ناوبراو کرد.

"هیرۆیاسو کوبایاشی" باڵوێزی ژاپۆن لە تارانیش لەکۆتایی خولی فەرمانبەرێتییەکەی لە ئێران چاوی بە زەریف کەوت و ماڵئاوایی کرد.

"ئەمیرێف بەغداد کولتائۆویچ" باڵوێزی قەزاقستان لەتارانیش لە کۆتایی فەرمانبەرێتییەکەی لەتاران، "نیشانی دۆستایەتی" خەڵات وپێشکەشکراو لەلایەن سەرۆک کۆماری قەزاقستانی پێشکەشی وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.

"جێف لانگلی" یاریدەری وەزیری دەرەوەی نیوزیلەندیش لەتاران لەگەڵ محەممەد جەوادی زەریف دیدار و لەبارەی ڕەهەند ولایەنە جیاجیاکانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان وهەروەها پرس وبابەتەکانی شەشەمین خولی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی دوو وڵات کە لە سبەی لەتاران دەس پێ دەکا، وتووێژی کرد.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پرسەکانی ناوچە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و توندڕەویی خوازی، لە تەوەرەکانی دیکەی وتووێژی نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و یاریدەری وەزیری دەرەوەی نیوزیلەند بوو.

هەروەها "ئوگۆچی دانیلز" ڕێکخەری نوێ ونوێنەری دانیشتووی بەرنامەی بنیات نانەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەئێرانیش لەدەسپێکی فەرمانبەرێتییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و وتووێژی کرد.

 

سەرپەیڤ