وەزارەتی دەرەوەی هیندستان: دانیشتنی تاران، نیشانەی ئیرادەی دێهلی نوێیە بۆ خێراکردنی ڕەوتی پڕۆژەی چابەهار
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان دوێشەو(سێ شەممە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دانیشتنی تاران، نیشانەی ئیرادەی دێهلی نوێیە بۆ خێراکردنی ڕەوتی پرۆژەی چابەهار(باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران).
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سەنەدی کارگێڕیی ڕێککەوتننامەی ترانزیتی چابەهار لەنێوان سێ وڵاتی ئێران، هیندو ئەفغانستان سەرلەئێوارەی دوێنێ سێ شەممە لەتاران واژۆ کرا.
ئەو سەنەدە لەلایەن "محەممەد ڕاستاد" بەرپرسی ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاگەڕیی ئێران، "تیرومورتی" جێگری وەزیری دەرەوەی هیندو "ئیمامەدین محەممەد وریماچ" یاریدەری وەزیری گواستنەوەی ئەفغانستان لەتاران ئیمزا کرا.
گەشەپێدانی گواستنەوەی چەند لایەنی، ئاسانکردنی ڕەوتی ترانزیت لەناوچە، هەموارکرانی یاساوڕێساکان و هێنانەدی یەکێتی گواستنەوەی ترانزیتی لەناوچە، لە گرینگترین تەوەرەکانی جێ بەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتننامەیە لەنێوان سێ وڵاتی ئێران، هیندستان و ئەفغانستانە.
سێ وڵات لەو سەنەدەدا جەختیان کرد لەسەر ئامادەبوونی کەرتی تایبەت بۆ ئاسانکردنی تیجارەت و ترانزیت لەناوچەدا بەمەبەستی پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەنێوان ئێران ، هیند وئەفغانستاندا.
لەو سەنەدەدا دوولایەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە گرووپێکی کاری پێکهاتوو لە نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە پێک بێ و یەکەم دانیشتنیشی هەتا دوو مانگی داهاتوو بەمیوانداریی ئێران لەبەندەری چابەهار بەڕێوە بچێ.
بەندەری چابەهار لە پرۆژە گرینگە سێ قۆڵییەکانی نێوان ئەفغانستان، هیندستان وئێران دێتەئەژمار.