هەوڵی هیندستان بۆ کڕینی نەوت لە ئێران سەرباری زەخت وگوشاری ئەمریکا
بەرپرسێکی پلەبەرزی هیندستان وتی: کۆمپانیاو بەشگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بۆ مانگی نۆڤمبەر(خەزەڵوەر) لە ئێران نەوتیان کڕی.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی "بیزێنس ستاندارد"ی هیند، "سانجی سودیر" سەرۆکی بەشی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی نەوتی هیندستان وتی: ئێران بەشێوەی نەریتی دابینکەرێکی گرینگی نەوت بۆ هیندستانەو دێهلی نوێ گرینگی دەدا بەئاسایشی وزەی خۆی.
هیند سەتا هەشتای پێداویستیی خۆی بە نەوت لە ڕێی هاوردەکان دابین دەکا.
پاڵاوتگە نەوتییەکانی هیند لەمانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ نزیک بە دە ملوێن تۆن نەوتی خاویان لە ئێران هاوردە کرد.
درێژەی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن هیندەوە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا داوای لە دێهلی نوێ کردبوو بۆ لەگوشارنانی تاران لەئێران نەوت نەکڕێ.
بەرلەوەش وڵاتانی وەک ، تورکیا، ژاپۆن، هیندستان و چین ڕایانگەیاند، لە بایکۆتە یەکلایەنەکانی ئەمریکا دژ بەتاران بۆ نەکڕینی نەوت لەئێران، پەیڕەوی ناکەن.
ئەمریکا هەشتی مای٢٠١٨ بەچوونەدەر لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ئەتۆمی) جارێکی دیکە گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا سەپاندو هەڕەشەی کرد، هەر وڵاتێک کە درێژە بدات بەکڕینی نەوت لە ئێران، بایکۆتی دەکا.
ئەمریکا هەتا چواری نۆڤمبەری داهاتوو مۆڵەتی بە کڕیارانی نەوتی ئێران داوە ، ئاستی کڕینی نەوتەکەیان لە ئێران بگەیێننە سیف.
بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕاستیی ئێستای بازاڕە جیهانییەکانی نەوت بەرچاو دەکەوێ، نەهێشتنی بەتەواوەتی ئێران وەک سێهەم بەرهەم هێنەری نەوتی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت(ئۆپێک) نامومکینە.