زەریف : کۆمەڵگەی جیهانی بەرامبەر بایکۆتەکانی ئەمریکا ڕاوەستاوە
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: کۆمەڵگەی جیهانی بەرامبەر بایکۆتەکانی ئەمریکا ڕاوەستاوە بە لەونێ کە دراوسێیەکان و وڵاتانی ئەوروپایی بەرامبەر کردەوە یەکلایەنەکانی واشنگتۆن خۆڕاگرییان کردووە .
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕادیۆ وتەلەڤەزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران ؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمرۆ سێشەممە لە پەراوێزی دانیشتنی سێی قۆڵی وەزیرانی دەرەوەی ئێران ، تورکیا و کۆماری ئازەربایجان لە ئەستەموڵ دا گوتیشی: بڕیاری ئەمریکا بۆ بایکۆت کردنیی ئێران کردەوەیەکە بە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکان و داب ونەریتی نێو دەوڵەتی و بەداخەوە دەوڵەتی یاساشکێنی ئەمریکا گەرەکیەتی ،وڵاتانێک کە پێبەندی یاسان، سزا بدات .
زەریف جەختیکردەوە: ئەمریکاییەکان بە بایکۆتەکانی نایاسایی دژی ئێران بە ئامانجە پێشبینی کراوەکانیان نەگەیون. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە گوتی: هەردوو وڵاتی تورکیا و کۆماری ئازەربایجان پشتگری دەکەن لە هەڵوێستەکانی ئێران سەبارەت بە بایکۆتکردنەکان و جەختیان کردووە درێژە ئەدەن بە هاوکاریی خۆیان لەگەڵ ئێران دا .
بە ووتەی "محەمەد جەواد زەریف "لە دانیشتنی ئەستەموڵ لە بارەی بابەتگەلێک وەکوو ترانزیت، وزە، گەشتیاری و هاوکارییەکانی زانست بناغەیی بیرو ڕایان گۆڕیوەتەوە. شەشەمین دانیشتنی سێی قۆڵی وەزیرانی دەرەوەی ئێران ، کۆماری ئازەربایجان و تورکیا بە ئامادە بوونی محەممەد جەواد زەریف، ئەڵمار محەممەد یارۆف و مەولوود چاووش ئۆغلوو ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی "دۆڵماباغچەی" شاری ئەستەموڵی تورکیا دا بەڕێوە چوو. وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی ئەم دانیشتنە بە شێوەی جیا جیا لەگەڵ هاوشانەکانی ئازەربایجانی و تورکیایی خۆیشی دیدار و وتووێژی کردووە. بڕیارە حەوتەمین دانیشتنی سێی قۆڵی وەزیرانی دەرەوەی ئێران ،تورکیا و کۆماری ئازەربایجان ساڵی داهاتوو لە تاران دا بەڕێوە بچێت .