زەریف: موساد بە نیازی تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەورووپایە
وەزیری دەرەوەی ئێران ، بانگەشەکانی دانیمارک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە چوارچێوەی ھەوڵی چەواشەکارانەی ڕێکخراوەی شۆڤاریی ئیسرائیل(موساد) لێک دایەوە.
موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە لە توییتێڕەکەی دا نووسی: ھەوڵی چەواشەکارانەو سەرەڕۆیانەی موساد لە بارەی ھەڵکردنی ئاڵای درۆینە بەس ویستی لێبڕاوانەی ئێران بۆ ھەڵس و کەوتی ئەرێنی لەگەڵ جیھاندا بەھێزتر دەکات.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش شەوی پێنج شەممە وتی: ئەمریکاو ڕژێمی زایونی و لایەنێکی ناوزڕاوی دیکەش کە ئەمڕۆکە بەرەوڕووی تۆمەتی قورس و گرانە، ھەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی شەڕی دەرونی و پڕوپاگەندەیی ، ئێران بدەنە بەر ڕمی بوختان و تۆمەت و ئالەم ڕێگایەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپا لە سەروبەندی قۆناغی دووھەمی بایکۆتەکانی ئەمریکا تێک بدەن.
ھەر لەم حاڵەدا ڕۆژنامەی زایونیستیی جرۆزاڵم پۆست ڕۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل لە ڕەوتی بوختانەکانی دانیمارک بۆ ئێران ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی ھەبووە.
ئەم ڕۆژنامە زایونییە نووسی ، ڕێکخراوەی شۆڤاریی ئیسرائیل(موساد) زانیاریی ھاوپەیوەند بە خۆی وتنەنی ھەوڵی ئێران بۆ پەلاماردانی کەسێک لە دانیمارک دا خستووەتە بەر دەستی کوپینھاگ.
دانیمارک ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە درێژەی ھێندێک چەواشەکاریی بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی ئێران، تارانی بە ھەوڵدان بۆ ئەنجام دانی کردەوەیەکی تیرۆریستی لە خاکی دانیمارک دا تۆمەتبار کردو باڵوێزی ئێران لەو وڵاتەی بانگ کرد.