کانونی دوھەم 18, 2019 15:14 Asia/Tehran
  • کۆتایی سەفەری زەریف بۆ ئێراق؛ سەلمێنرانی دۆستایەتی لە بەغداوە تا هەولێر

سەفەری پێنج ڕۆژی وەزیری دەرەوە ئێران بۆ ئێراق و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدا و ناوچەی کوردستانی ئەم وڵاتە، دۆستانە بوونی پێوەندییەکانی دوو وڵاتی بە جوانی دەرخست.

"محەممەد جەواد زەریف" کە یەکشەممەی ڕابردوو گەیشتە بەغدای پێتەختی ئێراق، ئێوارەی پێنجشەممە کۆتایی هێنا بەو سەفەرە. وەزیری دەرەوەی ئێران جگە لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمانی ئێراق لە بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لە هەولێرو  سلێمانی دیدار و وتووێژی کرد.

سەفەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پێنج شاری ئێراق و پێشوازی گەرم و  گوڕ و دۆستانەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە بریتی لە شیعە و سوننە و کورد لە زەریف، سیاسەتی یەکگرتووی ئێران لەهەمبەر هەموو هۆز و نەتەوە جۆربەجۆرەکانی ئێراقی سەلماند.

ئێران لە چوارچێوی سیاسەتی ئێراقی یەکگرتوو و یەکپارچە، ڕوانگەیەکی یەکسان  و یەک ئاستی بەرامبەر بە هەموو گرووپە ئێراقییەکان هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاسایش، پاوەجێی و هێوری لە ئێراق بە ئاسایش و پاوەجێی خۆی دەزانێ.

بوونی وەزیری دەرەوەی ئێران لە سێ کۆبوونەوەی  ئابووری لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێراق و پێداگری بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە سەر پەرە پێدانی هاوکارییەکانیان، پیشاندەری لە ئارادا بوونی ویستێکی هاوبەش لە نێو بەرپرسانی ئێراقی و ئێرانیدایە بۆ ئەوەی هاوکاریی ئابووریی خۆیان زیاتر لە ڕابردوو لە سەردەمی نوێی پاش داعش و داسەپێندرانی بایکۆتەکانی ئەمریکا بە سەر ئێران پەرە پێ بدەن.

کەلتوور، ئایین و زمانی هاوبەش، هاوکاری و پێوەندییەکانی نیوان ئێران و ئێراقی لە بواری جۆربەجۆردا پتەوتر کردووە و وەها پێوەندییەک، مزگێنی بەخشی ئاسۆیەکی ڕووناکە.

پێوەندییەکانی ئێران و ئێراق، ئەوەندە دۆستانە و قووڵە کە زەریف ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆڕی هەواڵنێراندا لە نەجەفی ئەشرەف ڕایگەیاند کە پێوەندییەکانی نێوان دوو دراوسێ هیچ پێوەندییەکانی بە "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و کەسانی دیکە نییە و ئەو پێوەندییانە وەک پێوەندی هەندێ وڵات ساختە نییە. جیاوازیی دوو سەفەر بۆ ئێراق بە جوانی سەلمێنەری ڕاستییەکانی ئێستای گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتەیە. دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ٢٦ی دێسەمبەری ٢٠١٨ بە شەودا لە ژێر تەگبیری توندی ئەمنی ڕاستەوخۆ خۆی دەگەیەنێتە بنکەی سەربازیی ئەمریکایی لە پارێزگای ئەنبار.

بایەخ نەدانی ترەمپ بە مافی دەسەڵاتدارێتی و سەروەریی نیشتمانیی ئێراق لە سەفەری بۆ ئەو وڵاتە و سەفەری سارد و سڕی ئەمدواییەی "مایک پۆمێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا، ئەوەی نیشان دا کە ئەم وڵاتە دۆستی ڕاستینە و هاوڕێی ڕۆژانی دژواری ئێراق نییە.

بەڵام ئێران ڕووانگەیەکی هاوبەشی بەرامبەر بە سەرجەم نەتەوە ئێراقییەکان هەیە و سەفەری پێنج ڕۆژەی زەریف بۆ بەغدا و پاشان هەولێر و سلێمانی، بە جوانی ئەو سیاسەتە ڕوون و بنەماییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بواری ڕێزدانان بۆ مافی سەروەری نیشتمانیی ئێراق و پاراستنی سەلماند.

تووڕەیی ئێراقییەکان و ئیدانە کردنی سەفەری شەوانەی ترەمپ بۆ ڕۆژاوای ئێراق و ڕەت کرانەوەی داخوازی پۆمپێئۆ سەبارەت بە پچڕینی هاوکاریی ئابووریی لەگەڵ ئێران لە لایەن ئێراقییەکانەوە، شێوەی ڕوانین و ڕوانگەی ئێراقییەکان بەرامبەر بە ئەمریکایە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نێچیرڤان بارزانی  سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە دیداری زەریف چەن خولەکێک بە زمانی فارسی قسە دەکات؛ ئەم جیاوازییە لە پێشوازی، خۆی پیشاندەری هەموو راستییەکان و هەڵگری پەیامێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

پێشتریش لە کاتی زاڵ بوونی گرووپی تیرۆریستیی داعش بە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێراق، ئێران یارمەتیی شیعە، سوننە و کوردی دا لە خەباتی دژ بە داعش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراقی لە ڕۆژانی پڕ سەختی و  سەخڵەتی لە بیر نەکرد.

وەڵامی ئەو دۆستی و هاوڕێیەتییە ڕاستینەیە، لەم ڕۆژانەدا لە هەڵوێستی بەرپرسانی جۆربەجۆری ئێراقیدا بە جوانی دەردەکەوێ و پێداگریی ئەوان لە سەر بەردەوام بوونی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێران وێڕای بایکۆتەکانی ئەمریکا، ساختە و درۆینە بوونی پێوەندییەکانی ئێران و ئێراقی بۆ هەموان دەرخستووە.

سەرپەیڤ