ته‌مووز 31, 2020 21:54 Asia/Tehran
  • جەختی سەرۆک کۆمارانی ئێران و عێراق لە سەر گەشەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فونی دا له‌گه‌ل سه‌رۆک کۆماری عێراق لە سەر پێویستیی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌کانی نێوان هه‌ردوو ک وڵات و خێراکردنەوەی ڕەوتی‌ جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتنه‌کانی نێوان ئێران و عێراق پێی داگرت.

«حسن ڕوحانی» سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی هه‌ینی له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فونی دا له‌گه‌ڵ  «به‌رهه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراق وێڕای پیرۆزبایی جه‌ژنی قوربان له‌ حکومه‌ت و گه‌لی عێراق وه‌ک نمونه‌ی یه‌کگرتوویی موسوڵمانانی جیهان، گوتی: خۆشبه‌ختانه‌ به‌ درێژایی مێژوو په‌یوه‌ندییه‌کی قوڵ له‌ نێوان خه‌ڵکی هه‌ردوو وڵات دا بوونی هه‌بووه‌ و له‌م جۆره‌ بۆنانه‌دا ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌ و هیوادارم له‌گه‌ڵ که‌مبونه‌وه‌ی کۆرۆنادا خه‌ڵک و به‌رپرسانی دوو وڵات بتوانن زیاتر هاموشۆی یه‌کتر بکه‌ن. 
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران گه‌شتی «مستەفا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بۆ ئێرانیشی به‌ ئه‌رێنی و هه‌لێک بۆ تاوتوێ کردنی بابه‌تگه‌لی جێی بایه‌خی هه‌ردو گه‌لەکە زانی و هیوای خواست که‌ بڕیار و ڕێکه‌وتنه‌کانی نێوان هه‌ردولا به‌ هه‌وڵی به‌رپرسانی هه‌ردو وڵات هه‌رچی خێراتر جێبه‌جێ بکرێن و بتوانرێت په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریه‌کان و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانیه‌کانی هه‌ردو وڵات زیاتر له‌ جاران په‌رهی پێ بدرێت. 
ڕوحانی جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگری له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق ده‌کاته‌وه‌ و ئاماده‌ی هاوکاری و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی خۆی بۆ ئه‌م وڵاته‌ له‌ ڕه‌وتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی کۆرۆنادایه‌. 
لای خۆیه‌وه‌ «به‌رهه‌م ساڵح» سه‌رۆک کۆماری عێراقیش پیرۆزبایی جه‌ژنی له‌ حکومه‌ت و گه‌لی ئێران کرد و ڕایگه‌یاند که‌ ھێمای ئه‌م جه‌ژنه‌ گه‌وره‌یه‌ یه‌کگرتوویی موسوڵمانانه‌ و هیوادارم له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای جیهان و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای کۆرۆنادا، یه‌کێتی و هاوکاریی نێوان هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ زیاد له‌ جاران په‌ره‌بسێنێت. 
سه‌رۆک کۆماری عێراق وێڕای پێزانینی بۆ پشتگیریی و یارمه‌تییه‌کانی ئێران بۆ عێراق له‌ ڕه‌وتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆرۆنادا، گه‌شتی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی بۆ ئێران به‌ ئه‌رێنی هه‌ڵه‌سه‌نگاند و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی هاوکاری و به‌ده‌مه‌وه‌بوون و هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان و جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتنه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات کرده‌وه‌. 
«بەرھەم ساڵح» له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی دا گوتی که‌ په‌ره‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران بنه‌مایه‌کی جێگیره‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دا.

سەرپەیڤ