تشرینی دووه‌م 11, 2020 15:59 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: سیاسەتی ئێران ڕێزنان لە مافی گەلان و کۆتایی ھێنان بە یەک لایەنەخوازییە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: سەقام و ئاشتی لە ناوچەکە، ڕێزمان لە مافی گەلان، دەستوەرنەدان لە کارزوباری نێوخۆیی وڵاتان، خەباتی دژی تیرۆریزم، کۆتایی ھێنان بە یەک لایەنەخوازی، پابەند بوون بە پەیمان و ھەڵس و کەوتی ئەرێنی لەو سیاسەتە نەگۆڕانەی تارانە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت بە دەربڕینی ئەمەی کە دەوڵەتی ڕوو لە کۆتایی ئەمریکا لە ھەموو سیاسەتەکانی دا لەگەڵ ئێران مەودای گرتبوو، وتی: بنەمای سیاسەتی ئێران، ھەڵس و کەوتی ئەرێنی و یان بە وتەی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی پەیوەندیی بەربڵاو لەگەڵ جیھاندایەو ئەوانەی وا دوژمنایەتییان دەست پێ کرد، بۆخۆشیان دەبێ وەلای بنێن و ھەر کاتێک ئەوان وازیان لە سیاسەتەکانی دوژمنکارانەیان دژی ئێران ھێنا، ھەل و مەرجەکە جیاواز دەبێت.

ڕۆحانی وێڕای ئاماژە کردن بە بڕیاری جەماوەری ئەمریکا بۆ گۆڕینی دەوڵەت لەو وڵاتەدا کە بە ھەڵبژاردن ئەنجامی گرت، وتیشی: کاربەدەستانی ئێستای ئەمریکا ھێندەش شارەزای سیاسەتی نێونەتەوەیی نەبوون و بەس ڕاسپاردەکانی توندئلژۆ نێوخۆییەکان و ڕژێمی زایونییان ڕادەپەڕاند.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی کردە سوک بوونی   ئەمریکا لە ڕووی سیایسەتی دەرەکیشەوەو وتی: ئەمریکییەکان لە سیاسەتی دەرەوەیی دا سوک کران، چونکو ھیچکاتێک لە مێژووی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ئاوا نەبووە کە گەڵاڵەیەک بدەن بە ڕێکخراوەی نەتەوەکان و تەنیا خۆشیان و دوورگەیەکی چکۆلە دەنگی بدەنێ.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە سیاسەتی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا ڕوونەو ناگۆڕدرێت، پێی داگرت، دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا کە خەونی بە ڕووخانی حکومەتی ئێرانەوە دەدی، بۆخۆی بە شێوەیەکی زۆر سوک سەرشۆڕانە ڕووخا.

 

سەرپەیڤ