لە وتووێژێکدا لەگەڵ زەریف: وەزیرانی دەرەوەی کوێت و ئەفغانستان تیرۆری «فەخری زادە»یان ئیدانە کرد
وەزیرانی دەرەوەی کوێت و ئەفغانستان لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، تیرۆری زانای ھەڵکەوتەی بواری ناڤۆکی و بەرەڤانیی ئێرانیان سەرەخۆشی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی ڕاگەیاندن و لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، «حەنیف ئەتمەر» وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، وێڕای ھاودەردی دەربڕین و سەرەخۆشی کردن لە دەوڵەت و جەماوەری ئێران، ھەنگاوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی ھەینیی کە بووە ھۆی شەھید بوونی «موحسین فەخری زادە» ئیدانە کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان جەختی کرد: تیرۆریزم لە ھەر شێوازێکی دا ئیدانە دەکرێت و ڕەت کراوەیە.
ھەرلەم پەیوەندییەدا «ئەحمەد ناسر موحەممەد سەباح» وەزیری کاروباری دەرەوەی کوێتیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، ھەنگاوی تیرۆریستیی قیزەونی ھەینیی ڕابردووی کە بووە ھۆی شەھید بوونی «موحسین فەخری زادە» ئیدانەکرد.