کانونی یه‌که‌م 08, 2020 20:36 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئێران ھەتا سەرکەوتنی یەکجاری لە تەنیشتی دەوڵەت و گەلی سووریا ڕادەوەستێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو بڕیارەی کە بۆ داکۆکی لە دەوڵەت و نەتەوەی سووریا وەک ھاوپەیمانێکی ستراتژی داویەتی، بەردەوام دەکات و ھەتا سەرکەوتنی یەکجاری لە تەنیشتی سووریادا دەمێنێتەوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری «فەیسەڵ میقداد» وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا لە تاران، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە تەنیشتی گەل و دەوڵەتی سووریادا دەمێنێتەوە، وتیشی: بەرنگار بوونەوەی داگیرکەرانی زایونی و تیرۆریزم ئامانجی ھاوبەشی ھەردووک نەتەوەی ئێران و سووریایە.

 سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئێران لە ڕووی سیاسیشەوە بەردەوام لە تەنیشتی دەوڵەتی سووریادا دەبێ و لەم ئاراستەیەدا ڕەوتی ئاستانە لە ئاراستەی پارێزرانی بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی سووریا بە سودمەند دەزانێ و بەبڕشتانە بەدواداچوونی بۆ دەکات.

ڕۆحانی وێڕای پێداگرتن لە سەر خۆڕاگری و ڕاوەستانی گەلانی ناوچەکە لە ھەمبەر تیرۆریزم و داگیرکاری، ئاماژەی کردە گیان بەخت کردنی شەھیدان سەردار سولەیمانی و فەخری زادەو وتیشی: ئامانجی دوژمنان لە شەھید کردنی سەردار سولەیمانی ئەمە بوو کە نەک ھەر لە بەرخۆدانی گەلی ئێران ، بەڵکو لە بەرخۆدانی گەلانی ناوچەکە تۆڵە بستێنن و بە شەھید کردنی دکتۆر فەخری زادەش بە نیازن ڕێ بەگەڵەو پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا بگرن.

«فەیسەڵ میقداد»یش لە دیدارەکەدا پەیوەندیی تاران و دیمەشقی بە پڕبایەخترین و شەریفانەترین پەیوەندیی سیاسی لە جیھاندا زانی و وتی: وڵاتانی دیکەش دەبێ فێر بن کە پەیوەندی و دۆستایەتیی ڕاستەقینە چۆن پێک دێت و چلۆن بەوپەڕی ھێزەوە بەردەوام دەکرێت.

ناوبراو وێڕای سەرەخۆشی کردنی شەھید بوونی دکتۆر فەخری زادەو سەردار سولەیمانی وتیشی: ئەوانەی توشی ئاوا دڕندەکارییەک دەبن ، نازانن کە ڕژانی خوێنی ئەم شەھیدانە نەتەوەکانی ناوچەکە بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیان مکوڕتر دەکات.

سەرپەیڤ