کانونی یه‌که‌م 14, 2020 19:03 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری ئێران : بایکۆتەکانی سەر ئێران دەبێ کۆتایی بێت

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی : بایکۆتە زاڵمانەکانی دژی گەلی ئێران دەبێ کۆتایی بێت .

حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دوشەممە لە پرێس کۆنفرانسێک دا لە گەڵ ھەواڵنێرانی نێوخۆیی و بیانی بە ئاماژە بەوەی کە حکومەتی ئێران رێگا نادات کۆتایی ھاتنی بایکۆتە زاڵمانەکان دواکەوێ جەختی کردەوە : بە ھاتنە سەرکاری حکومەتی نوێ لە ئەمریکا بارودۆخ دەگۆڕێ وێڕای ئەوەی کە ئەگەر سەرۆکی حکومەتی ئێستاش ئەگەر مابایەوە ، بارودۆخ دەگۆڕا . 

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە حکومەت بە ھەموو توانای خۆی نەیھێشت رێککەوتنی ناڤۆکی بفەوتێ ، گوتی : ئامانجی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا تیابردنی رێککەوتنی ناڤۆکی بوو کە لەم کارەدا سەرنەکەوت . 

روحانی گوتی : زیندووڕاگرتنی رێککەوتنی ناڤۆکی و ھاریکاریی بۆ سەقامی ناوچەکە ، ھەردووکیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر گرنگە  ھۆکاری سەرکەوتوونەبوونی ترەمپ لە دژی ئێران لە کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتیەکان دا ، ھاواھەنگیی و ھاریکاریی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دیکە و 1+4  بوو . 

سەرۆکی دەزگای کارگێڕیی ئێران جەختی کردەوە : کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای پێوەندیەکی باش لە گەڵ ھەموو وڵاتانی جیھان بە تایبەت روسیا و چین بووە و دەیھەوێ لە گەڵ یەکیەتی ئەروپا و دراوسێکانیش پێوەندیی باشی ھەبێت . 

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆری شەھید فەخری زادە زانستوەری ھەڵکەوتەی ناڤۆکی و بەرگریی ئێرانی بە کاری کەسانێک زانی کە دەیانھەویست لە رۆژانی  کۆتایی حکومەتی نگریسی ترەمپ ، ناوچەکە لە شەڕەوە بگلێنن ، وێڕای ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی رژێمی زایۆنی لە تیرۆرکردنی شەھید فەخری زادە بەدیھێنانی بێ سەقامیی لە ناوچە و ڕوودانی شەڕ لە کۆتایی حکومەتی ترەمپ دا بوو . 

روحانی بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڵەی خوێنی شەھید فەخری زادە بە مافی خۆی دەزانێ و لە شوێنی گونجاو و کاتی گونجاودا ئەم کارە دەکات گوتی : کۆمای ئیسلامیی ئێران رێگا نادات ئەوانی دیکە کات و شوێنەکەی دیاری بکەن .

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمان کات دا گوتیشی : سەقامی ناوچەکە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر گرنگە و لەبەر ئەوەی گەڵاڵەی ئاشتیی ھۆرمز ی بۆ کەنداوی فارس خستەڕوو کە ئەم گەڵاڵەیە ساڵی رابردوو لە کۆمەڵی گشتیی رێکخراوی نەتەوەکان خرایەڕوو و بۆ شەش وڵاتی کەنداوی فارس و عێراق نێردرا . 

 

سەرپەیڤ