ئاب 22, 2021 19:55 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: پەرە پێ دانی پەیوەندی لەگەڵ ژاپۆن گرینگایەتییەکی باڵای ھەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی پەیوەندییەکانی ئێران و ژاپۆنی بە باش نرخاندو پێی داگرت لە سەر پێویستیی گەشە پێدان و قوڵ کردنەوەی پەیوەندیی دوو لایەنەی وڵات لە ھەموو بوارەکاندا بە تایبەت پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و وتیشی: بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندی لەگەڵ ژاپۆن و گەشە پێدان و قوڵ کردنەوەی پەیوەندییە دوو لایەنەکان گرینگایەتییەکی باڵای ھەیە.

ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ڕۆژی یەکشەممە لە دیداری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، وێڕای ستایش کردنی یارمەتییەکانی مرۆڤ دۆستانەی ژاپۆن بۆ بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا، ھیواداریی دەربڕی کە بەردەوامیی ھاوکارییەکانی دوو وڵات یارمەتیی خاشەبڕ کرانی نەخۆشییە دنیاداگرەکەی کۆرۆنا لە ھەردووک وڵات و جیھانیش دا بدات.

«ڕەییسی» لەم دیدارەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی ئازادکرانی سەرچاوە دراڤییە دەست بەسەر گیراوەکانی ئێران لە ژاپۆن، وتیشی: وەدرەنگ کەوتنی ئازاد کرانی سامانی ئێران لە بانکەکانی ژاپۆن ھیچ پاسایەک ھەڵناگرێت.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە وەڵامی وتەکانی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لەمەڕ پێویستی و گرینگایەتیی ڕاپەڕێندرانی بەرجام وەکو ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەییش وتی: وا باوە دەبێ ستایشی ئەو وڵاتە بکرێت کە پابەندی بەڵێنەکانی بووەو ئەگەر وڵاتێک لە بەرجام کشاوەتەوەو بەڵێنەکانی ڕانەپەڕاندووە دەبێ سەرکۆنە بکرێت و لەم بوارەدا ئەمریکییەکان دەبێ وەڵامی بیروڕای گشتیی جیھان بدەنەوە، چونکو پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوونە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە کشاونەتەوە.
«ڕەییسی» لە بەشێکی تری وتووێژەکانی تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و وێڕای پێشوازی کردن لە ھەوڵەکانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام داکۆکیی لە سەقام و ئاشتیی ئەفغانستان کردووەو دەشیکات، ھەڵبەت لەو باوەڕەش داین کە لە ئەفغانستان دەبێ خودی ئەفغانییەکان بڕیار بدەن.

«توشیمیتسۆ موتەگی» وەزیری دەرەوەی ژاپۆنیش لە دیدارەکەدا وێڕای پیرۆز کردنی دەست بەکار بوونی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران، لە سەر پەرە پێ دان و قوڵ کردنەوەی پەیوەندییە لەمێژینەکەی نێوان دوو وڵات، جەختی کرد: ئێران و ژاپۆن لە مێژە پەیوەندییەکی دۆستانەو باشیان پێکەوە ھەیە و گومانم نییە کە لە سەردەمی چالاکیی دەوڵەتی تازەش ئەم پەیوەندییانە بەردەوام دەبن و زیاتر لە جارانیش پەرە دەستێنن.

سەرپەیڤ