تشرینی یه‌که‌م 09, 2021 14:29 Asia/Tehran
  • بەرپا کرانی نەریتی ناساندنی سەرۆکی تازەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران

نەرینی ناساندنی سەرۆکی تازەی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بەڕێوە چوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران ، نەریتی ناساندنی «پەیمان جبللی» سەرۆکی تازەی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامادە بوونی سەرۆکی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی، بەرپرسانی لەشکری و دەوڵەتی و کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەران و کارگێڕانیی میدیای نیشتیمانیی ئەمڕۆ شەممە لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بەڕێوە چوو.

لەم نەریتەدا، ھەروەھا ستایشی خزمەتەکانی پتر لە پێنج ساڵی «عەبدولعەلی عەلی عەسکەری» سەرۆکی پێشووی میدیای نیشتیمانی کرا.

لەم نەریتەدا حوججحەتولئیسلام وەلموسلمین «موحەممەد موحەممەدیی گوڵپایگانی» سەرۆکی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، بڕیاری سەرۆکایەتییەکەی «پەیمان جبللی»ی خوێندەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەوتەمەی ڕەزبەری ١٤٠٠ بە دەرکردنی بڕیارێک «پەیمان جبللی»ی بۆ سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران دیاری کرد.

«عەبدولعەلی عەلی عەسکەری» سەرۆکی پێشووی ڕادیۆوتەلەفزیۆن لەم نەریتەدا وتی: لە سەردمێکدا کە دوژمن سێرەی بۆ ڕاەوتی بەرھەمھێنان گرتبوو و لە کاتی شەڕی نەرمی میدیایی، میدیای نیشتیمانی ھیواوگەشەی بە کۆمەڵگا بەخشی.

«پەیمان جبللی» سەرۆکی تازەی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە نەریتەکەدا وتی: میدیای نیشتیمانی دەبێ سنوورێکی بەربڵاوو نێونەتەوەیی ھەبێت و بەردەوام بۆ دنیا قسەی پێ بێت.

سەرۆکی تازەی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، لەم خولەدا لە بارستایی نوخبە فەرھەنگییە لاوەکان کەڵکی پێویست وەردەگیردرێت.

جبللی وتیشی: میدیای نیشتیمانی دەبێ شوناس و دادگەری بکات بە تەوەرەو جەغزی خۆی. میدیای نیشتیمانی ھیچ ڕێگایەکی بێجگە لە گۆڕانکاریی بۆ نییە و دیارە گۆڕانکاریش ھەم پێویستی بە سەقامە و بە ئاڵوگۆڕ.

 سەرۆکی تازەی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: میدیای نیشتیمانی دەبێ ئاوێنەی خزمەتەکانی نیزام و حکومەتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی بێت و خزمەتگوزارییەکانی ئەم حکومەتە پیرۆزە بۆ ھەمووان ئاشکرا بکات.

 

سەرپەیڤ