تشرینی یه‌که‌م 22, 2021 12:31 Asia/Tehran
  • لێکدانەوەی گرفتەکانی بەردەم و رێگاچارەکان بۆ یەکڕیزیی موسوڵمانان لە وێبیناری «دیپلۆماسیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی»

بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵگەڕی لەدایکبوونی پێغەمبەری پایەبەرزی ئیسلام و حەوتەی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی وێبیناری «دیپلۆماسیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی» بەڕێوە چوو.

پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵگەڕی لەدایکبوونی پێغەمبەری پایەبەرزی ئیسلام حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص)  و حەوتەی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی بە هاوکاریی سەرکونسوڵگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانیی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەی توێژینەوەی رۆشنبیریی شۆرشی ئیسلامی،  وێبینارێک بە ناوونیشانی «دیپلۆماسیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی» بەڕێوە چوو.

وێبینارەکە بە ئامادەبوون و وتاری بەڕێزان دکتۆر «پاک ئایین» باڵوێزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند وڵاتێکی ئیسلامی، مامۆستا «نیازی هەورامی» بەرپرسی ناوەندی رۆشنبیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و جێگری سەرۆکی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی، مامۆستا «سەید عەبدولوەهاب به‌رزنجی» زانای ئایینی و ھەروەھا «سیامەک کاکایی» پسپۆڕی کاروباری ناوچەکەو  بەڕێوەچوو.

دکتۆر «موحسین پاک ئایین» باڵوێزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند وڵاتێکی ئیسلامی، لەم وێبینارەدا بە ئاماژە بە پیلانی دووبەرەکی نانەوە لە نێو وڵاتانی ئیسلامیی گوتی : یەکێک لە ئامانجەکانی شەڕی نەرمی زۆردارانی جیھانیی بە سەرکردەیی ئەمریکا ئەوەیە کە دووبەەرکیی بخاتە نێو موسوڵمانان و ئەم بابەتە لە بەرنامەی کاری دیپلۆماسیی گشتیی ئەمریکا و رۆژاوادایە. نانەوەی دووبەرەکیی لە نێوان موسوڵمانان بە دوو شێواز دەکرێ : یەکیان ناکۆکی نانەوە لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیی بۆ وێنە عەرەبستانی سعودی لە بەرامبەر سوریا یان ئەفغانستان و پاکستان . دووھەمین شێواز ، ناکۆکی نانەوە لە نێوان موسوڵمانان لە رێگەی پەرەپێدانی ناکۆیی نێوان ئایینزا ئیسلامیەکانە .

مامۆستا «سەید عەبدولوەهاب به‌رزنجی» زانای ئایینی لە ھەرێمی کوردستانیش لەو وێبینارەدا گوتی :

زۆر ئاساییە کە ئێمە ناکۆکیمان ھەبێ ، لەوانەیە لە نێوان برایانی شیعە و سوننە لە بیرۆکە و ھەندێ پرسی دینی جیاوازییان ھەبێ بەڵام ئەم جیاوازییانە نابێ ببێت بە ھۆی بێڕێزی کردن و بریندار کردنی ھەست و دڵی یەکتر .

ناوبراو بە ئاماژە بە ھاوبەشیەکانی نێوان شیعە و سوننە گوتی: خودامان یەکە ، قیبلەمان یەکە ، ئێمانان و پێشەوایانی دینیی ئێمە ھەموویان بۆ ئێمە ھاوبەشن . ئیمام عەلی نووری چاومانە .

«سیامەک کاکایی» پسپۆڕی کاروباری ناوچەکە و لە ئامادەبوانی دیکەی وێبینارەکە باسی گوتارسازیی لە بواری یەکڕیزیی و یەکگرتوویی نێوان موسوڵمانانی ھێنایە بەرباس گوتی : ئەم گوتار سازییە بە ئێمە و کۆمەڵگای ئیسلامیی و ھەموو لایەن و ئایینزا ئیسلامیەکانی یارمەتی ئەدات پڕەنسیپ و بناغە راستەقینەکان وەک چەمکەکانی گوتارسازیی پێناسە بکات . ئاماژەشی کردە رۆڵی میدیاکان لەم بوارەدا و گوتی :

ئەمڕۆکە میدیاکان لە رۆڵی حکومەت دا کار دەکەن یانی دەسەڵات و تواناییەکی  وایان بە خۆوە گرتووە کە ھەندێ جار لە ھەیبەتی دەوڵەتێک دان و ئەم میدیاگەلە لە بواری جیھادی چ لە وڵاتانی ئیسلامیی ، چ لە وڵاتانی رۆژاوایی دەتوانن رێبازە فکریەکان بە خراپ یان باش نیشان بدەن .

مامۆستا «نیازی هەورامی» بەرپرسی ناوەندی رۆشنبیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و جێگری سەرۆکی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی ش گوتی : ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننەمان قەبوڵ نیە و ئێمە دەبێ لە بواری ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزدا کاربکەین .

رێزیشی گرت لە کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرگریی لە موسوڵمانانی ژێرستەم  و گوتی : کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرگریی لە مەزلوومانی فەلەستین و ھەموو موسوڵمانانی دیکە زۆر جوامێرانە جووڵاوەتەوە و ھەڵوێستی ھەبووە و ئێمە ھەمیشە پشتگری لەم کارانە دەکەین .

ڕۆژانی ١٢ و ١٧ی ڕەبیعولئەووەڵ لە ڕوانگەی ھەردووک ئایینزای ئیسلامیی شێعەو سوننەوە وەک ڕۆژانی لەدایک بوونی پێغەمبەری سەردار(ص) دێتە ئەژمارو بەم پێیە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک «حەوتەی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی» ناودێری کراوە.

 لە وڵاتانی ئیسلامی دا ھەموو ساڵێک بەم بۆنەیەوە ئاھەنگ و ڕێ و ڕەسمی تایبەتی بەرپا دەکرێت، بەڵام لە کاتی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆرێک لە کۆڕو کۆبووەنەوەکان لەوانە ڕێ و ڕەسمی ساڵانەی «حەوتەی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی»ش لە ڕێگای وێبینارەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 

سەرپەیڤ