کانونی دوھەم 13, 2022 08:11 Asia/Tehran
  • خەتیب زادە: پەک خرانی بڕەپارەی ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بەر بایکۆتەکانی ملھوڕانەی ئەمریکایە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی پێنج شەممە لە بارەی پەک کەوتنی دانی بڕەپارەی ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتی: بەداخەوە بۆ دووھەمین ساڵی بەردەوام و لە بەر بایکۆەکانی ملھوڕانەو نایاسایی ئەمریکا دانی پارەی ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.

«سەعید خەتیب زادە» بە دەربڕینی ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو ئەندامێکی بنیاتنەرو کارای ڕێکخراوەی نەتەوەکان خۆی بە پابەندی دانی تۆکمەوتەواوو دەستبەجێی پارەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان و ڕێکخراوەی ئاژانسە نێونەتەوەییەکانی دیکە دەزانێ، وتیشی: سەرباری ئەو گرفتە جۆربەجۆرانەی کە دروست بووە، دەوڵەتی ئێران سەرچاوەی پێویستی بۆ دانی پارەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان مسۆگەر کردووەو خەریکی ئەنجام دانی ڕاوێژی پێویستیشە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە.

«خەتیب زادە» وتیشی: ھاوکات ڕێڕەوێکی ھێمنی دیکە بۆ دانی ھەرچی خێراتری پارەی ئەندامەتی لە بەرچاو گیراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی دا جەختی لەوەش کردەوە کە، وا ھەڵدەگرێ کە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سکرتاریەتیش ھەل و مەرجی تایبەتیی ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی بایکۆتی نایاسایین بە شێوەیەکی تایبەتی لە بەرچاو بگرن و لە یارمەتی دانی ئەم وڵاتانە بۆ دانی بەشە پارەی خۆیان خەمساردی نەنوێنن.

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان ڕایانگەیاندووە، ٨ وڵاتی جیھان لەوانە ئێران لە بەر نەدانی بڕەپارەی ئەندامەتی مافی دەنگدانیان لە ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا لێ سەندراوەتەوە. ھەڵپەسێردرانی مافی دەنگدانی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەرەنجامێکی دیکەی تیرۆریزمی ئابووریی ئەمریکایە.

سەرپەیڤ