ئادار 17, 2022 22:32 Asia/Tehran
  • خەتیب زادە: مافی جەماوەری ئێران بەوپەڕی سەربەرزی و بەبێ بەسترانەوەی بە بابەتگەلی دیکەوە سەندرایەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی بۆچوونی ناڕاستەکانی ھێندێک میدیای بریتانی سەبارەت بە قەرزاریی چەند دەیەی بریتانیا بە ئێران وتی: مافی جەماوەری ئێران بەوپەڕی سەربەرزی و بەبێ بەسترانەوەی بە بابەتگەلی دیکەوە سەندرایەوەو ئەمەی کە گوایە ھەتا ئێستا لای دەوڵەتی سوییسڕا بووە ھەر لە بنەڕەت دا بێ بنەماو ناڕاست بووە.

«سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وەڵامی پرسیاری میدیاکان لەمەڕ ئەو ھەنگاوە بەبڵاوانەی لە ئاراستەی سەندنەوەی قەرزەکەی چەند دەیەی ڕابردووی ئێران لە بریتانیا وتیشی: دانوستانکارانی ئێران بە پێشەنگایەتیی دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانییان دوای پتر لە ٤٠ ساڵ و لە ئەنجامی دانوستانێکی چڕوپڕ قەرزە ٣٩٠ ملوێن پۆندییەکەی بریتانیا بۆ ئێران وەرگرنەوەو بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی وڵات.

خەتیب زادە وتیشی: ئەو ق ەرزارییەی دەوڵەتی بریتانیا بە ئێران پەیوەستە بەو پارەیەو قازانجەکەی کە لە سەردەمی ڕژێۆمی پالەوی دا بۆ کڕینی دەبابەی چیفتەن لە ساڵی ١٣٥٠ کۆچیی ھەتاوی درا بوو بەو وڵاتە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە دەربڕینی ئەمەی کە دەوڵەتی بریتانیا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بەدرێژایی پتر لە چوار دەیە بە بیانووی جۆربەجۆر لە دانەوەی ئەو بڕەپارەیە خۆی دەدزییەوە، وتیشی: سەرباری ئەمەش نوێنەرانی ئێران توانییان لە ئەنجامی ڕەوتێکی مافەوانی و سکاڵادەربڕین لای دادگە ھاوپەیونەندەکان و گوشارو پاڵەپەستۆی سیاسی لە سەر دەوڵەتی بریتانیا، کاربەدەستانی ئەو وڵاتە ناچار کەن ردان بە قەرزارییەکەیاندا بنێن.

سەرپەیڤ