غەریب ئابادی: سویید بووە بە بەندیخانەیەک بۆ موسڵمانان
یاریدەری کاروباری نێونەتەوەیی ھێزی دادو سکرتێری بنکەی مافی مرۆڤی ئێران، سوییدی وەک بەندیخانەی موسڵمانان ناو برد.
کەناڵی تی ئاڕ تی ڤۆرڵد لەم دواییەدا وێنەگەلێکی بڵاو کردەوە کە تیای دا کەسێک لە سویید لەوپەڕی سوکایەتی کردندا خەریکی سوتاندنی قورئانی پیرۆز بوو. ئەم کەسە «ڕاسموس پالوڕێن» ڕابەری پارتی ڕاست لایەنی توندئاژۆ لە دانیمارک بوو کەخەریکی سووتاندنی قورئان بوو لەگەڕەکێکی وڵاتی سوییددا. ئەم کارە ناڕەزامەندیی لە سوییدو کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئیسلامی لێ کەوتەوە.
دوابەدوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ئەم دواییە لە سویید دا ڕۆژی یەکشەممە کارداری باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران بە ھۆی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بانگ کراو ئەوپەڕی ناڕەزامەندیی تارانی لە بەر ئەو سوکایەتی کردنەی کە بە پاڵپشتیی پۆلیسی سوییدو بە بیانووی ئازادیی ڕادەربڕینەوە ئەنجامی گرت، بە کارداری سویید ڕاگەیەندرا.
ھەر لەم ئاراستەیەدا «کازم غەریب ئابادی» یاریدەری کاروباری نێونەتەوەیی ھێزی دادو سکرتێری بنکەی مافی مرۆڤی ئێران لە توییتێکدا نووسی: شکاندنی ڕێزی پیرۆزایەتییە ئایینییەکان لە ھیچ ھەل و مەرجێکدا جێگای قەبووڵ نییە.
«غەریب ئابادی» وتیشی: دان بەخۆدانەگرتنی دینی لە سەرتاسەری ئەورووپا ڕوولەپەرەیەو لە ئێستاش دا سویید بە داکۆکیی دەوڵەتی ئەم وڵاتە بووەتە بەندیخانە بۆ موسڵمانان، وادیارە تاسەی پشکنینی بڕوایی سەردەمی چاخی ناوەڕاستی کردووە.