May 12, 2022 21:36 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: لە جیھانی عەرەب چاوەڕوان دەکرێت لە ھەمبەر دڕندەکارییەکانی ڕژێمی زایونی بە ئاشکرا بێنە مەیدانی کرداری سیاسییەوە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ستەمی چەند دەیەی زایونییە چەپەڵەکانی دژی جەماوەری فەلەستین بە ڕاستییەکی تاڵەو زەبرێکی گەورە لە دنیای ئیسلام و جیھانی عەرەب زانی و وتیشی: لە جیھانی عەرەب چاوەڕوان دەکرێت لە ھەمبەر دڕندەکارییەکانی ڕژێمی زایونی بە ئاشکرا بێنە مەیدانی کرداری سیاسییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لە دیداری «شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەرو شاندەکەی ھاوڕێی پێی داگرت: ھەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لە ھەمبەر دڕندەکارییەکانی ڕژێمی زایونی ئەگەر لە ترس و یان لە بەر تەماحە، دەبێ بزانن کە ئەمڕۆ ڕژێمی داگیرکەری زایونی لە ھەل و مەرجێکدایە کە نە دەکرێ تەماحیان پێی ھەبێت و نە لێی بترسن.

بەڕێزی ڕێگاچارەی کێشەکانی ناوچەکەی لە دەستی وڵاتانی ناوچەکەو لە ڕێگای وتووێژەوە زانی و وتیشی: کێشەی سووریاو یەمەن بە وتووێژ چارەسەر دەبێت، ھەڵبەت دیارە وتووێژ نابێ لە ڕووی لاوازییەوە بێت، لە کاتێکدا کە لایەنەکانی بەرامبەر یانێ ئەمریکاو وڵاتانی دیکە پشتیان بە دەستەڵاتی سەربازی و دراڤی بەستووە.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بۆ بەڕێوە بردنی وڵات پێویست بە دەستوەردانی خەڵکانی دیکە ناکات، وتیشی: زایونییەکان پێ دەنێنە ھەرکوێ، گەندەڵی دروست دەکەن و ھیچ دەستەڵتن و سەرەتییەکیش ناتوانن بە وڵاتانی دیکە بدەن، کەوا بوو وڵاتانی ناوچەکە ھەتا پێیان دەکرێ دەبێ پەیوەندیی خۆیان لە ڕێگای ھاوبیری و ھاوکارییەوە ھێزمەند بکەن.

بەڕێزی ھەروەھا وێڕای پێداگرتن لە سەر پەرە پێ درانی ھاوکاریی سیاسی و ئابووریی ئێران و قەتەر، پتەو بوونەوەو پاوەجێ بوونی پەیوەندییەکانی ئێران و قەتەری بە قازانجی ھەردووک وڵات زانی و وتیشی: ئاستی ئێستای پەیوەندیی ئابووریی دوو وڵات گەلێک لە خوارەو دەبێ بکرێتە چەند ھێندەو بڕیارە دیاری کراوەکان لە نێوان ئێران و قەتەر لە خشتەیەکی زەمەنیی دیاری کراودا بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

میری قەتەریش ھەر لە دیدارەکەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە دووھەمین گەشتی خۆی بۆ ئێران، ئاماژەی کردە جێ و شوێنی ھەڵکەوتەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە جیھانی ئیسلام داو وتی: دڕندەکارییەکانی ڕژێمی زایونی لە فەلەستین دڵتەزێنن و ھەمووان دەبێ لە بەرامبەر ڕووداوەکانی فەلەستین خۆڕاگری بنوێنن.

«شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەرھەروەھا وتووێژی بە ڕێگاچارەی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە سووریاو عێراق و یەمەن زانی و لە بارەی پەیوەندیی ئابووریی ئێران و قەتەریش وتی: لێژنەی ئابووریی نێوان دوو وڵات کارا کراوەو ھەتا ساڵی داھاتوو ئاستی ھاوکاریی ئابووریی بە شێوەیەکی ناوازە بەرز دەبێتەوە.

 

سەرپەیڤ