May 24, 2022 08:47 Asia/Tehran
  •  ساڵگەڕی ڕزگار کرانی خوڕڕەمشار

ئەمڕۆ سێ شەممە سێھەمی جۆزەردان «٢٤ی مانگی مای» ساڵگەڕی ڕزگار کرانی خوڕڕەمشار لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران لە ساڵی ١٩٨٢ دایە، ئەم ڕۆژە لە ڕۆژمێری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەک ڕۆژی خۆڕاگری ، لەخۆبردوویی و سەرکەوتن ناودێری کراوە.

لە سەرتاسەری ساڵانی پڕلەشانازیی بەرەڤانیی پیرۆز، ڕۆژانی گەورە تۆمار کراون کە مەزنایەتی و گرینگ بوونی بەردەوام لە زەینی ھەمووان دا دەمێنێتەوەو سێھەمی جۆزەردان، ڕۆژی ڕزگار کرانی خوڕڕەمشار لە میانەی شەڕی داسەپاوی ھەشت ساڵەی ڕژێمی بەعسی «سەددام»ی دیکتاتۆری لەنێوچووی عێراق دژی ئێرانیش ھەر ڕیزی ئەم شانازییانەی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆزە.

ڕزگارکرانی خوڕڕەمشار لە گرینگترین ئامانجەکانی ئۆپزاسیۆنی بەیتولموقەددەس لە ساڵی ١٣٦١ی کۆچیی ھەتاوی (١٩٨٢) بوو. ئەم شارە دوای ٥٧٨ ڕۆژ داگیرکرانی لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ڕزگار کرا.

حەماسەی ڕزگارکرانی خوڕڕەمشار لە ھەموو ڕەھەندو بوارێکدا، بە سەربازی، حەماسەتی و ڕۆشنبیری و کلتوورییەوە، خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانداو ورەی دژەپاوانخوازیی گەلی ئێران ئەمڕێ ھێزمەندترو پتەوتر لە ھەرکاتێکی تر ھەروا ڕوولەگەشەو پێشەوەچوونە.

سێھەمی جۆزەردان نەک ھەر وەبیرھێنەرەوەی ڕزگارکرانی خوڕڕەمشارە بەڵکو وەبیرھێنەرەوەی لەخۆبردوویی و ڕاوەستانی جێی ڕێزی بەرەڤانیکارانی ئێرانی ئیسلامی لە بەرامبەر ھێزە داگیرکەرەکانە.

ئێران و ئێرانییەکان ئەمڕۆ جارێکی تر ڕێز لە بیرەوەریی ڕزگارکرانی خوڕڕەمشار دەگرن.

سەرپەیڤ