حوزه‌یران 14, 2022 15:28 Asia/Tehran
  • جەختی کاربەدەستانی ئێران و تورکمەنستان لە سەر گەشە پێدانی پەیوەندییەکانیان

کۆبوونەوەی وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران و یاریدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکمەنستان بەڕێوە براو ھەردووک لا لە سەر پەرە پێ دانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان دوو وڵات جەختیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، «ڕوستەم قاسمی» وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران ئەمڕۆ لە دیداری «ڕەشید مەردۆف» یاریدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکمەنستان وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەشە پێدانی گواستنەوەو ترانزیت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ھیچ بەرتەسکییەکی نییە.

وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران وتیشی: ئێران بۆ دەست پێ کردن و پەرە پێ دانی ترانزیتی ئاوێتەو گواستنەوە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە لەوانە تورکمەنستان بە ئاراستەی ئاوەکانی کەنداوی فارس و دەریای عومان ھەتا ناوچە باکوورییەکان ئامادەیە.

«ڕوستەم قاسمی»  جەختی لەوەش کردەوە، ھەرچەند ئاستی ئاڵووێری ترانزیتی لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و تورکمەنستان ھەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام بۆ پەرە پێ دانی ئاڵووێری بازرگانی و ئابووری دەبێ ھەوڵێکی زیاتر بدرێت.

لە دانیشتنەکەدا «ڕەشید مەردۆف» یاریدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکمەنستانیش وتی: ئێران و تورکمەنستان ھەڵکەوتەیەکی جوگرافیایی باشیان ھەیە و لە بواری گواستنەوەدا دەتوانن کاری باش بکەن.

وەزیری دەرەوەی تورکمەنستان وتیشی: وڵاتەکەی لە بواری پەرە پێ دانی گواستنەوە ھیچ بەرتەسکییەکی نییەو لە ھەموو بوارەکانی ڕەیلیش دا ئامادەی پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئێراندا.

جێگای ئاماژەیە «سەردار بەردی موحەممەدوف» سەرۆک کۆماری تورکمەنستان بە پێی بانگێشتنی فەرمیی «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئەمشەو  بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای کاربەدەستانی سیاسی و ئابووری دەگاتە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرپەیڤ