حوزه‌یران 27, 2022 15:59 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران: شێعەو سوننە ئێرانی ھێزمەند دەبووژێننەوە

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری نەتەوەو کەمینە ئاینییەکانی ئێران وتی: لە ئێراندا شارومەندی پلە یەک و دوو، یان جیاوازیی نێوان نەتەوەو ئایینەکان بوونی نیەو تەواوی شارومەندان بە شێعەو سوننەوە ئێرانی ھێزمەند دەبووژێننەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، مامۆستا«عەبدولسەلام کەریمی» ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری نەتەوەو کەمینە ئاینییەکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کلتووری گشتیی پارێزگای کوردستان وتی: کلتووری دەوڵەمەندو پاڕاوی ئێران ڕەگی لە ئایین دا داکوتاوەو دیارە تەوەرەی سەرەکیی ئایینیش قورئانی پیرۆزە.

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری نەتەوەو کەمینە ئاینییەکانی ئێران، قورئانی وەک تەوەرەی سەرەکیی موسڵمانان ناو بردو وتی: ئایینی ئیسلام بە دوورە لە توندوتیژی و ڕقەبەرایەتی، بەو پێیەی کە بە زانست و ڕۆشنبیرییەوە دەستی پێ کراوە.

مامۆستا کەریمی وتیشی: ئیسلام ئاینی توێژینەوەو شرۆڤەیەو قەت شمشێری بۆ کوشت و بڕو تاڵان ھەڵنەکێشاوە، بەڵکو بەردەوام شمشێری بۆ بەرەڤانی کردن بە کار ھێناوە.

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری نەتەوەو کەمینە ئاینییەکانی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە داھێنان و نۆژەن بوونەوەو جوڵانەوە لە سەر بنەمای بەسیرەت و بەرچاوڕوونی پێویستیی ئەمڕۆی کۆمەڵگا بووەو دیارە پارێزگای کوردستانیش کە خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندو بارستایی خوداپێداوی زۆرە، وتیشی: دەبێ لەم بارستاییە بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ئابووری و خزمەت کردن بە خەڵک کەڵک وەر بگیردرێت.

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری نەتەوەو کەمینە ئاینییەکانی ئێران وتیشی: ڕێگای دەرباز بوون لە ھزری توندئاژۆیانەی ئایینی و گرفتی ئابووری، نۆژەن کردنەوەی ئاستی خوێندەواری و زانستی کۆمەڵگایە.

سەرپەیڤ