ڕەییسی: ئێران بەوپەڕی دەستەڵاتەوە داکۆکی لە سووریا بەردەوام دەکات
سەرۆک کۆماری ئێران بایکۆتەکانی بە پێشێلکەری مافی نێونەتەوەیی زانی و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوپەڕی دەستەڵاتەوە داکۆکی لە سووریا بەردەوام دەکات چونکو سەربەخۆیی سووریا بنەمایەکی خەوشان ھەڵنەگرە.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئیرنا، ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەییسی شەوی چوار شەممە لە حەوتەمین دانیشتنی سەرۆکانی دەستەبەرکاری ڕەوتی ئاستانە گە بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆمارانی تورکیاو ڕووسیا لە تاران بەرپاکرا، وێڕای ڕێزگرتن لە سەرۆک کۆمارانی ھەردووک وڵاتەکە بۆ قەبوڵ کردنی بانگێشتنەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشداری لە حەوتەمین دانیشتنی سەرۆکانی ڕەوتی ئاستانە، وتیشی: لەو باوەڕەدام کە ڕەوتی ئاستانە وەکو چوارچێوەیەکی سەرکەوتوو لە چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا دەستکەوتێکی باشی دەست خست و پاراستن و پەرە پێ دانیشی سەرەتا ئەرکی ئێمە وڵاتانی دۆستە بە ناوی دەستەبەرکارەوە.
بەڕێزی وێڕای پێداگرتن لە سەر پارێزرانی یەکگرتوویی و سەروەریی خاک و ڕێزنان لە سەربەخۆیی کۆماری عەرەبیی سووریا وتیشی: دیاری کرانی چارەنووسی ئەم وڵاتە دەبێ بە ھۆی خەڵکەوەو لە ڕێگای وتووێژی نێوماڵی سووریاوەو بەبێ دەستوەردانی بیانی ئەنجام بگرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: بە تێپەڕینی ١١ ساڵ لە قەیرانی سووریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ھێشتاش لەو باوەڕەدایە کە تاکە ڕێگای چارەسەریی قەیرانەکە ، سیاسییە و ڕێگاچارەی سەربازی بەس دۆخەکە شپرزەتر دەکات.
وتیشی: ئێستا لە کاتێکدا کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕەوتی ئاستانە بەرپا دەکەین کە بایکۆتی یەک لایەنە بە تایبەت بە ھۆی ئەمریکاوە گوشارێکی دووھێندەی خستووەتە سەر جەماوەری سووریاو ھەلی ژیانی ئاسایی بۆ نامسۆگەر کردوون.
ڕەییسی تاکە ڕێگای دامەزرانی سەقام و ئاسایشت لە سنوورەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئامادە بوونی ھێزمەندانەی سوپای ئەو وڵاتە لە سنوورەکان و ھاوکاری لەگەڵ دەوڵەتەکانی گردوپەڕ زانی و وتی: ئەزمونی جۆربەجۆر ئەوەی دەرخستووە کە پێشێل کرانی سەروەریی سووریا ھیچ یارمەتییەکی دامەزرانی ئاسایشت و خەباتی دژی تیرۆریزم نەداوەو لەم ڕووەوە ڕێزنان لە دەستەڵاتی نیشتیمانی و سەربەخۆیی سووریا بنەمایەکی خەوشان ھەڵنەگرە.
ئایەتوڵڵا ڕەییسی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمریکا وێڕای زیاد کردنی بنکع سەربازیە نایاساییەکانی، خەریکی تاڵان و بڕۆی سامانە سروشتییەکان بە تایبەت نەوتی سووریایە، پێی داگرت: واھەڵدەگرێ کە ھەرچی خێراتر ھێزەکانی ئەم وڵاتە لە تێکڕای ناوچەکە بڕۆنە دەرەوە.
ڕەییسی وێڕای ئیدانەکردنی پەرەسەندنی دەست درێژکاریی ڕژێمی زایونی بۆ سەر خاکی سووریا و بە ئامانج گرتنی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە لەوانە فڕگەو بەندەرەکان، وتیشی: بۆ ھەمووان دەرکەوتووە کە ئەم ڕژێمە مانەوەی خۆی لە ناوچەکەدا بە دەست درێژکاری و ناھێمنییەوە موتوربە کردووە.
وتیشی: ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سکرتێرە گشتییەکەی دەبێ پێش ئەوەی کە دەست درێژکاریی ڕژێمی زایونی ببێتە گرفتێکی گەورەی ئاسایشتی ئەرکی خۆی لەم بوارەدا ڕاپەڕێنێ.
ئایەتوڵڵا ڕەییسی ھیواداریی دەربڕی کە بڕیارێکی کاراو بەکەڵک لە دانیشتنەکەدا بدرێت ھەتا لە بەر ڕۆشناییەکەی بەردەوامی و ھێزمەند کرانی ڕەوتی ئاشتی لە سووریاو بەختیاریی پاوەجێ بۆ خەڵک مسۆگەر بکرێت.