ئه‌یلوول 07, 2022 12:46 Asia/Tehran
  • نەخۆشخانەیەکی سارایی ٥٠ قەرەوێڵە لە سنووری باشماخی مەریوان دامەزرا

بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان وتی: لە ئاراستەی خزمەتگوزاریی تەندروستی و فریاگوزاری بۆ زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینی، نەخۆشخانەی سارایی «شەهید مامۆستا محەمەد شێخولئیسلام» لە سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «بەهرام کەندایی» ڕۆژی سێشەممە لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران لە سنە ڕایگەیاند: نەخۆشخانەکە بنکەیەکی گەڕۆکی فریاگوزاریی پزیشکی و دوو کلینیکی دەبێت (بە جیا بۆ ژنان و پیاوان) و ھەتا گەڕانەوەی زیارەتکاران لە سنووری باشماخ کراوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: بنکە گەڕۆکە فریاگوزارییەکەو کلینیکەکان کە لەم نەخۆشخانەیەدا جێگیر کراون، ئامێری پێشکەوتوویان تیادایەو بە کەڵک وەرگرتن لە ستافی کارامەو بە ئەزمون ئامادەی خزمەت کردنی زیارەتکارانی ئەربەعینن بە کوالیتێکی باش و باڵاوە.

بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەم بنکە گەڕۆک و کلینیکانە جیا لەو ناوەندانەی خزمەتگوزاریی تەندروستین کە  پێشتر هەبوونە.

پەڕینەوەی زیارەتکارانی ئەربەعین لە سنووری باشماخەوە بە فەرمی لە 5ی ئەیلول دەستی پێکراوە و دام و دەزگاکانی خزمەتگوزاری و فەرمانگەکانی دیکەی پەیوەست بە ڕێپێوانی زیارەتکارانی ئەربەعین لە سنووری باشماخ دا جێگیرکراون و لە قۆناغی جۆربەجۆردا بە دەم  زیارەتکارانەوەن.

ئەمساڵ بە بڕیاری وەزارەتی نێوخۆی ئێران، سنووری باشماخی مەریوان بۆ یەکەم جار بۆ ھاتوچۆی زیارەتکارانی ئەربەعین ھەڵبژێردراوە.

سەرپەیڤ