ئیمام جومعەی خانێ:لە ڕوانگەی ئەھلی سوننەت و جەماعەتەوە ئیمامی حسەین(ع) جێ و شوێنێکی تایبەتیی ھەیەو لە ئەولیای خوداو، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام(ص)و سەروەرو سالاری شەھیدانە
مامۆستا موستەفا مەحمودی ئیمام جومعەی خانێ ڕایگەیاند: لە ڕوانگەی ئەھلی سوننەت و جەماعەتەوە ئیمامی حسەین(ع) جێ و شوێنێکی تایبەتیی ھەیەو لە ئەولیای خوداو، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام(ص)و سەروەرو سالاری شەھیدانە.
مامۆستا موستەفا مەحمودی ئیمام جومعەی خانێ ڕۆژی سێ شەممە لە میانەی سەردانی بۆ خێوەتگە و موکیبی ئەھلی سوننە لە سنووری «تەمەرچین» ڕایگەیاند: ھاتوچۆی زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینی لە سنووری «تەمەرچین»ەوە کە لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە دەستی پێ کراوە، بۆ خەڵکی ئەم شارە ھەڵگری خێروبەرەکەتە.
وتیشی: ھاتوچۆی زیارەتکاران وایکردووە کەش و هەوای ئەم شارە پڕ بێت لە مەعنەویەت و سۆز بۆ ئیمام حسێن (ع) و لەو دیدارانەی کە لەگەڵ پیاوانی ئایینی و زانایانی سوننە ئەنجامی گرتووە،ھەر هەموویان پێشوازییان لە بڕیارەکەی دەوڵەت کردووە لەمەڕ ڕێگە پێدانی ھاتوچۆی زیارەتکاران لەم دەروازە سنوورییەوە.
ئیمام جومعەی خانێ وتیشی: لە ئێستادا موکیب و خێوەتگەی سوننە و چەند موکیب و خێوەتگەیەکی دیکە لەلایەن خەڵکی ئەم شارەوە بۆ پێشوازی کردن لە زیارەتکاران ڕێکخراون و لەو ماوەیەشدا ئەو خزمەتانەیان پێشکەش کراوە کە شایەنی زیارەتکارانی ئیمامی حسێن (ع)ە.
مامۆستا مەحمودی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: لە ڕوانگەی ئەھلی سوننەت و جەماعەتەوە ئیمامی حسەین(ع) جێ و شوێنێکی تایبەتیی ھەیەو لە ئەولیای خوداو، کچەزای خۆشەویستی پێغەمبەری ئیسلام(ص)و سەروەرو سالاری شەھیدانە.
جەختی لەوەش کردەوە کە، هاتووچۆی زیارەتکاران لەم شارەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە گرنگییەکی تایبەت بە ژێرخانی ئەم ناوچەیە بدرێت و ئەگەربێتو لە ساڵانی داهاتووشدا ئەو ھاتوچۆیە بەردەوام بن، ئەوا ناوچەکەمان پێشکەوتنی ئابووریی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت کە دیارە هەمووی لە سای نیعمەتی ئامادەبوونی زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینییە.
مامۆستا مەحمودی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: کەسبکارو بازاڕیی ئەم شارەش بە هاتنی زیارەتکاران دڵخۆشن و لە ئێستادا بازاڕە سنوورییەکان و فرۆشتنی هەموو جۆرە کاڵاو کەل و پەلێک لەم شوێنانە گەشەی کردووە.
جێگای ئاماژەیە بە پێی ڕاگەیاندنی بنکەی ئەربەعین لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دەروازەی تەمەرچینن لە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەرمانانەوە میوانداری زیارەتکارانی حسەینیە بۆ بەڕێکەوتنیان بەرەو پیرۆزگەکان لە وڵاتی عێراق.