ئه‌یلوول 14, 2022 15:19 Asia/Tehran
  • ڕەییسی : ئێران بە دوای ڕۆڵگێڕان و ئامادە بوونی چالاکە لە ناوچەکەدا

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ دراوسێ و وڵاتانی ناوچه‌کەی وەک سیاسه‌تێکی بنه‌ڕه‌تیی دەوڵەتەکەی ناساند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» ئەمڕۆ چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد پێش گەشتەکەی بۆ ئۆزبەکستان ڕایگەیاند: ئەم گەشتە لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئۆزبەکستان بۆ کۆبوونەوەیەکی فەرمیی دوو قۆڵی و بۆ بەشداری کردن لە لوتکەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی هاوکاریی شانگھای ئەنجام دەگرێت .

ڕەییسی وتیشی: ئامانج لەم گەشتە بەهێزکردنی سیاسەتی دراوسێیەتی و لێکنزیک بوونەوە و قووڵکردنەوەی چەند لایەنەخوازییە.

سه‌رۆک کۆماری ئێران هه‌روه‌ها وتیشی: له‌ سیاسه‌تی دراوسێیه‌تیدا، له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا توانیمان متمانه‌ی سیاسی یه‌کتر به‌هێز بکه‌ین، له‌ هه‌نگاوی دووھه‌میشدا رۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بوونی چالاکانه‌ی لە ناوچەکەدا پێ و شوێن دەگرێن بە شێوەیەک کە بتوانین ئەو ژێرخانانە بەکاربهێنین کە لە ئاسیا و وڵاتانی دراوسێدا هەن و ئینجا توانایی ئابووری و دەسەڵات و سیستەمی دراڤ و بانکی و هەموو پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە و تواناو بارستاییەکان لە تەنیشتی یەکدا دابنێین و بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران بە باشی کەڵکیان لێ وەربگرین.

ڕەییسی بە دەربڕینی ئەمەی کە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان لە پەراوێزی لوتکەی شانگهای یارمەتیدەر دەبن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەییەکان،جەختی لەوەش کردەوە: لەم کۆبوونەوانەدا، لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، پرسە ناوچەییەکان و گەشەی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکەین بۆ ئه‌وه‌ی ئێران بتوانێت رۆڵی گه‌وره‌تر له‌ ناوچه‌که‌ و جیهاندا بگێڕێت و شوێندانەر بێت.

سەرۆک کۆماری ئێران هیواداریشی دەربڕی کە گەشتەکەی لە ئاراستەی پەرەپێدان و پتەوکردنەوەی پەیوەندی و ھەڵس و کەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ، ببێتە ھەنگاوێک بۆ گەشەسەندن و ھێزمەند کردنی ھەرچی زیاتری پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.

سەرپەیڤ