ئه‌یلوول 15, 2022 08:11 Asia/Tehran
  • ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی ئێران سەبارەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەزارە لە کۆبوونەوەی ناوچەیی یەکێتی نێوان پەرلەمانەکان

شاندی پەرلەمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێهەمین کۆبوونەوەی ناوچەیی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکان لە پاکستان بەشداریی تۆکمەوتەواوی ئێرانی لە مەڕ ڕاپەڕاندنی پرۆگرام و بەرنامەی ئامانجەکانی گەشەی پاوەجێی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران، ئەندامانی شاندە پەرلەمانییەکەی ئێران بە سەرۆکایەتیی «مەلەک فازڵی"، نوێنەری سەراوان و ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و چارەسەریی مەجلیسی شورای ئیسلامی و بە ئامادەبوونی حوجەتولئیسلام وەلموسلیمین، «مەجید ناسری نژاد» لە کۆمیسیۆنی وزە و «موحسین فەتحی» لە کۆمیسیۆنی تەندروستی و چارەسەریی مەجلیس بەشداریی کۆبووەوەی ناوچەیی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکانی کرد کە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی پاکستانەوە لە ئیسلام ئاباد خەریکە بەڕێوە دەچێت.

سەرۆکی شاندی پەرلەمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم ڕووداوەدا وتی: ئێمە لەو باوەڕەداین کە تێکڕای بەرنامەی کاری گەشەپێدانی پاوەجێ بەڵگەنامەیەکی مێژووییە بە تەوەرەیەکی جیهانییەوە. ئیرادەیەکی بەهێز بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، بەرەنگاربوونەوەی برسێتی و بەدخۆراکی و ئاسایشتی خۆراک، کۆنترۆڵ کردنی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا، باشترکردنی ئاستی پەروەردەو کاری شایستە بۆ گەنجان، دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیبشتنی یەکسان و دادپەروەرانە بە تەندروستی و پاکپارێزی بە مانا ڕاستەقینەکەی هاوتەریب لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی جیهان و پێویستمەندییەکانی گەشەپێدانی پاوەجێ، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەییشتن بە هەموو ئامانج و مەبەستەکانی بەرنامەی کاری گەشەپێدانی پاوەجێ.

«مەلەک فازڵی» وتیشی: ئێران وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەو کۆدەنگییەی کە لەسەر بنەما هاوبەشەکان پێی گەییشتوون، لەو باوەڕەش دایە کە لەم بوارەدا بەرپرسیارێتیی جیاواز و لە هەمان کاتدا مافی خودانەتی و ستراتژیی نیشتیمانیی جۆربەجۆر لە ئارادایە، کە بناغەیەکی تۆکمە بۆ ئاسانکاری و جێبەجێکردنی بەرنامەی کارەکەو گەشەپێدان لەسەر هەموو ئاستە نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.

شاندە پەرلەمانیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر خواست و به‌شداریی تۆکمەوته‌واوی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ڕاپەڕاندنی به‌رنامه‌کانی گه‌شه‌پێدانی پاوەجێ کرده‌وه‌ و وه‌ک ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خوازیاری ئەوە بوون کە ھەموو لایەک پابه‌ند بن به‌ هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌ییشتن به‌و ئامانجانه‌.

سەرپەیڤ