تشرینی یه‌که‌م 09, 2022 00:13 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ سی و شەشەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکڕیزیی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت

سی و شەشەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکڕیزیی ئیسلامی ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداریی زانایان و بیرمەندانی سەرتاسەری جیھان لە تاران دا بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ (یەکشەممە)، ١٢ی مانگی ڕەبیعولئەووەڵی ساڵی ١٤٤٤ی کۆچیی مانگی، هاوکات لەگەڵ ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بەپێی ڕیوایەتێک، ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی محەممەدی مستەفا (ص)، پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام و دەستپێکی حەوتەی وەحدەت و یەکڕیزییە.

لە ڕوانگەی سوننەکانەوە ١٢ی ڕەبیعولئەووەڵ لە ڕوانگەی شێعەکانەوە ١٧ی ڕەبیعولئەووەڵ  ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (ص)ـە.

حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری گەورەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یەکێک بوو لە بانگخوازانی وەحدەت و یەکڕیزی لە جیهانی ئیسلامدا، ئەم پرسەی بۆ یەکگرتنەوە و لێک نزیککردنەوەی چینە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی هێنایە ئاراوەو ئەو مەودایەی نێوان ئەم دوو بەروارەی واتە ھەر لە ١٢ ھەتا ١٧ی ڕەبیعولئەووەڵی وەک "حەوتەی وەحدەت"ناودێر کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر،سی و شەشەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکڕیزیی ئیسلامی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە نۆھەمەوە ھەتا چواردەی تشرینی یەکەم و لە سەر دەستی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان و بە بەشداریی زانایان و بیرمەندانی سەرتاسەری جیھان و بە شێوەی ئامادەمەندو ئۆنلاین

لە ٦ بواری شەڕی و ئاشتیی دادپەروەرانە ، برایەتیی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئازادیی بیری ئایینی، قبوڵکردنی ئیجتیهادی ئایینی و بەربەرەکانێی دژی تەکفیر و توندڕەوی، ڕێزگرتنی یەکتریی نێوان ئایینزا ئیسلامییەکان، ڕێزگرتن لە ئەدەبی جیاوازی و دوورەپەرێزی لە مشتومڕ و بێ ڕێزی و سووکایەتی ، ڕەچاوکردنی هاوسۆزیی ئیسلامی و دوورکەوتنەوە لە گرژی و ململانێ و دژایەتی کردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بەڕێوەدەچێت.

ئامانج لە بەستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یەکگرتوویی ئیسلامی بریتییە لە دروستکردنی یەکڕیزی و هاودەنگی لەنێوان موسڵمانان، کۆدەنگیی زانایان و بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە زانستی و کولتورییەکانیان، هەروەها لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی چارەسەریی کردەیی بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزیی ئیسلامی و پێکهاتنی ئوممەتی واحیدە لە جیهانی ئیسلامی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەوگرفتی موسڵمانان و ھێنانە ئارای ڕێکاری گونجاوە لەم بوارەدا.

سەرپەیڤ