تشرینی یه‌که‌م 19, 2022 21:43 Asia/Tehran
  • هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی گەشتیارانی عێراقی و ئێرانی لە سنووری فەرمیی «پەروێزخان»ەوە

سەرپەرشتی فەرمانداریی «قەسر شیرین» هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی گەشتیارانی عێراقی و ئێرانیی لە سنووری فەرمیی «پەروێزخان» راگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛«محەمەد حەیدەری»، سەرپەرشتی فەرمانداریی «قەسرشیرین»ی سەربە پارێزگای کرماشانی ئێران رایگەیاند: سەرجەم ئەو گەشتیارە عێراقییانەی کە لەڕێگەی سنووری فەرمیی «پەروێزخان»ەوە دێنە ئێرانەوەو، یان ئەو ئێرانیانەی کە بەنیازن لەڕێگەی ئەم سنوورەوە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەن، دەتوانن بە ھەڵگرتنی پاسپۆرتێکی کارا لەم ناوچەیەوە ھاتوچۆ بکەن.

حەیدەری وتیشی: ئەو ڕاوێژو بەدواداچوونانەی کە پارێزگاری کرماشان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامی داوە، دەرەنجامی ھەبووەو بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڤیزە بۆ ئەوەی گەشتیارانی هەردوولا بە ئاسانی بتوانن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق و ئینجا بە پێچەوانەشەوە گەشت بکەن .

سەرپەرشتی فەرمانداریی «قەسرشیرین»ی ئێران ڕاشیگەیاندووە کە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزە دەتوانێت ببێتە هۆی برەوسەندنی کەرتی گەشتیاری و زیادبوونی هاتوچۆ لەم سنوورەوە بۆ نێوخۆی وڵات و هەرێمی کوردستان، هەروەها فراوانبوونی چالاکیی بازرگانی وئاڵووێری کولتووری و بەشەکانی دیکەش.

حەیدەری وتیشی: رۆژانه ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کەس له سنووری فەرمیی پەروێزخانەوە ھاتوچۆی نێوخۆو دەرەوەی ئێران دەکەن، له سەرەتای ئەمساڵەوه ٢١ی مارس به گشتی ١٢١ هەزارو ٣٠ کەس له سنووری فەرمیی پەروێزخان ھاتوچۆیان کردووە.

سەرپەیڤ