تشرینی دووه‌م 10, 2022 23:43 Asia/Tehran
  • باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا ڕایگەیاند: شاندێکی گەورەی بازرگانیی ڕووسیا بەم نزیکانە سەردانی ئێران دەکەن

باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا باسی گەشتی داهاتووی شاندێکی گەورەی بازرگانیی ئەو وڵاتە بۆ ئێرانی کرد کە پێکهاتووە لە کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی کۆمارەکان و پارێزگاکانی ڕووسیا.

«کازم جەلالی باڵوێزی» ئێران لە ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیرنا وتیشی: شاندێکی ڕووسیا کە پێکهاتووە لە ١٠٠ چالاکی ئابووری بە سەرۆکایەتیی «سێرگێئی کاتیرین» سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ڕووسیا سەردانی ئێران دەکەن.

بەپێی پلانە داڕێژراوەکان، شاندی بازرگانیی ڕووسیا لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران، جگە لە دیدار لەگەڵ "غوڵامحسێن شافیعی"، بەرپرسی ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانگاو کشتوکاڵی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە بوارە ئابووری و بازرگانییە پەیوەندیدارەکان، لە کۆنفرانسی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیشدا، لەگەڵ سەندیکا جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و بازرگانی ئێران بەشداری دەکات.

جگە لە تاران، شاندی ژووری بازرگانیی ڕووسیا لە گەشتەکەیاندا بۆ ئێران سەردانی پارێزگاکانی ئیسفەهان و گیلانیش دەکەن بە مەبەستی دیدار لەگەڵ چالاکانی ئابووریی پارێزگاکانی گیلان و ئیسفەهان، ھەتا لەگەڵ توانا بازرگانییەکانی ئەم ناوچانەو بە تایبەت کۆریدۆری باکوور-باشوور زیاتر ئاشنا ببن.

سەرپەیڤ