تشرینی دووه‌م 14, 2022 06:37 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئەندامانی مەجلیسی ئێران بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان

نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ڕایانگەیاند: وتەکانی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان هیچ بنەمایەکیان نییە.

«ئیلهام عەلییەف» سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، ناوبەناو بە لێدوانێکی ورووژێنەرەوە تێوە دەگلێ و چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش ڕەخنەی لە مەشقی هاوبەشی ئێران و ئەرمینیا گرت و ڕۆژی هەینی لە لوتکەی ڕێکخراوی وڵاتانی تورک زمان بانگەشەی بەرگری لە ئازەرییەکانی جیهانی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ڕۆژی یەکشەممەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، «سەیید ئەلبورز حسەینی» نوێنەری جەماوەری خودابەندە لە مەجلیس دا وتی: سەرۆک کۆماری ئازەربایجان بۆچوونێکی لە بارەی وڵاتە تورک نشینەکانەوە دەربڕیوە کە لە بەرامبەردا  پێشنیار دەکەم پەیمانی گۆلستان بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی تێبگات کوێ لە کوێ جیا بووەتەوە.

حسەینی وتیشی:، ئەم تێبینیانە سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ناشێن.

نوێنەری خەڵکی خودابەندە لە مەجلیسی ئێران ڕاشیگەیاند کە بەیاننامەی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ناڕاستە چونکە ئەگەر ڕێککەوتنی گۆلستان جێبەجێ نەکرابایە ئازەربایجان بەشێک بوو لە ئێران و ئەویش نەدەبووە سەرۆکی ئەم وڵاتە.

«عەلی نیکزاد»، جێگری سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێرانیش لە کاردانەوە بە لێدوانەکەی عەلییەف، ڕایگەیاند کە نەوە ناتوانێت نکۆڵی لە باپیرە بکات، بۆیە لێدوانەکەی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان هیچ بنەمایەکی نییە.

پێویستە بگوترێ کە ئەو ناوچەیەی وا ئەمڕۆ بە کۆماری ئازەربایجان ناسراوە، ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی حوکمڕانیی تزارەکان بەسەر ڕووسیا و حوکمڕانی بنەماڵەی قاجار وەک دەرەنجامی پەیمانی گۆلستان لە ئێران دابڕاوە. کۆماری ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٩١، تەنها ٣٠ ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت، بوونی خۆی ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ