تشرینی دووه‌م 18, 2022 00:15 Asia/Tehran
  • کردەوەی تێکدەرانەی ئاژاوەگێڕان لە شاری سنە

کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ لە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستانی ڕۆژئاوای ئێران، موڵک و ماڵی گشتییان تێک و پێک دا.

دوابەدوای سەرھەڵدانی ئاژاوەکانی ئەم دواییەی ئێران بە بیانووی گیان لەدەستدانی خوالێخۆشبوو خاتوو «مەهسا ئەمینی»، کەناڵی «ئێران ئینتەرنەشناڵ» جگە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و درۆ، بەردەوام دواندگەی خۆی بۆ سەرکردەی حزبە جوداخوازە کورد و عەرەب و بەلووچەکان تەرخان داوە، بەجۆرێک کە لە ماوەی بیست ڕۆژی یەکەمی سەرھەڵدانی ئاژاوەکان زیاتر لە ٢٠ کەسایەتیی جوداخواز بەتێکڕایی٥٠ چاوپێکەوتنیان لەم میدیایەدا ئەنجام داوە.ھەڵبەت دیارە کەناڵی« بی بی سی»ش لە ھەراوھوریای جوداخوازی و هاندان بۆ کردەوەی توندوتیژو تیرۆریستی لە ئێراندا بەجێ نەماوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاژاوەگێڕان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنە بازرگانییەکان و بانکەکان و شوێنە گشتییەکانی دیکە، کە بەهۆی ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و خەڵک لە کاتی خۆیدا پێشیان پێ گیراوە.

ئاژاوەگێڕان لە شاری سنەش، ڕۆژی پێنجشەممە، لەکاتی سوتاندنی هەندێک تایەی ئۆتۆمبێل، زیانیان بە هێماکانی هاتوچۆ گەیاندووە و تەنانەت دارەکانیشیان شکاندووە.

هێزەکانی پۆلیس هەوڵی بڵاوەپێکردنی ئاپۆڕەکەیان دا، بەڵام بەشێک لە ئاژاوەگێڕان بە ھاویشتنی بەرد  لەگەڵ پۆلیسدا تێکهەڵچوون.

لەم نێوەدا ئاژاوەگێڕان ئاگریان لە چەند ترۆمبیلێکی خۆکەسی بەرداو پەرژینی «بەھەشتی محەمەدی» لە سنەشیان لابرد و بەشێک لە بینای گۆڕستانەکەیان خاپوور کرد.

لەم تێکهەڵچوونانەدا سەرھەنگ«حسێن یوسفی» لە ئەندامانی هێزی پۆلیسی پارێزگای کوردستان بە زەبری چەقۆی ئاژاوەگێڕانەوە شەهید کرا. سەرۆکی پۆلیسی ناوچەی ١٨ی «نایسەر»یش کەوتە بەر چەقۆو ڕەوانەی نەخۆشخانە کراو شارومەندێکی سڤیلیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا کە بۆی ھەیە درێژەی ھەمان پرۆسەی بەفێڵ کوشتن بێت.

لە ئێستادا بە ھەوڵی ھێزەکانی پۆلیس شاری سنە ھێمنە.

سەرپەیڤ