تشرینی دووه‌م 30, 2022 11:57 Asia/Tehran
  • قاڵیباف: هاوکاریی ئێران و عێراق جگە لە خۆشگوزەرانیی ئابووری، ئاسایشی ناوچەکەش دابین دەکات

«محەممەد باقر قاڵیباف» سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ «محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری لە تاران، ئێران و عێراقی بە دوو وڵاتی زۆر دیار و ناوازەی ناوچەکە زانی و وتی؛ هاوکاریی ئێران و عێراق جگە لە برەوی ئابووری، ئاسایشی ناوچەکەش دابین دەکات.

«محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی و ئابووری بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە تاران. 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «قالیباف» لەم دیدارەدا وتیشی: حکومەت و گەل و مەجلیسی ئێران خوازیاری پشتیوانی لە عێراقێکی ئەمن و پێشکەوتوون، وتیشی: ئێران و عێراق دوو گەلی دەراوسێن کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مەزهەبی، ئایینی، ئابووری و کولتوورییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و ئەم پێوەندییانە خەڵکی ئێران و عێراقی زۆر لە یەکتر نزیک کردووەتەوە.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئێران و عێراق دوو وڵاتی زۆر دیار و ناوازەی ناوچەکەن، بێ گومان ئێران و عێراق دەتوانن پەیوەندییەکی قووڵ و فراوان بۆ هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دابمەزرێنن، بێگومان ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا دژی ئەم هاوکارییە دوو قۆڵییەی ئێران و عێراقن.

ھەر لە دیدارەکەدا «قالیباف» باسی سزا تاکلایەنە و نایاساییەکانی ئەمریکا دژی ئێرانیشی کردو وتی: هەرچەندە ئەمڕۆ ئەمریکا بە بایکۆتە ئابوورییەکانی گوشار دەخاتە سەر ئێران، بەڵام بە گوتەی ئەوان؛ ئێران لوتکەی ئەو کێشانەی تێپەڕاندووە.

«قاڵیباف» لە کۆتایی قسەکانیدا، وێڕای هیوای سەرکەوتن خواستن بۆ حکومەت و گەلی عێراق لە هەموو بوارەکاندا، وتیشی: ئینشائەڵڵا بە هاوکاریی گەلان و حکومەتەکان ڕۆژو ساڵێکی خۆشمان لە پێش دەبێت و سەردانەکەی بەڕێزتان بۆ ئێران دەبێتە سەرەتای ئەم جوڵانەوە بنیاتنەرە.

لەم دیدارەدا سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە ئاماژەدان بەوەی کە سەردانەکەی بۆ تاران دەرئەنجامی پەیوەندییە قووڵ و ڕیشەدارەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران بوو.

«محەمەد شیاع سودانی» بەناوی حکومەت و گەلی عێراقەوە سوپاس و پێزانینی بۆ حکومەت و گەلی ئێران دەربڕی لەبەر هەموو ئەو پاڵپشتیانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراق کردوویانە، کە دوا نمونەی ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بوو.

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاماژە بەوەی کە شەڕی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش دەرکەوتەی برایەتی و لێکنزیکبوونەوەی ئێران و عێراق بوو، وتیشی: حکومەتی نوێی عێراق پابەندە بە هاوکاری و چالاکیی هاوبەش لەگەڵ ئێران لە بوارە جیاجیاکان لەوان شەڕی دژی تیرۆر ، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هەر شتێک کە ڕەنگە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات بکات.

سەرپەیڤ