کانونی یه‌که‌م 16, 2022 10:48 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ئێران بەرامبەر بە هەڵوەشانەوەی ئەندامێتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنان

فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران هەڵوەشانەوەی ئەندامێتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕەفتارێکی تەواو سیاسی و هەنگاوێکی ستەمکارانە وەسف کرد.

ئەندامێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دوابەدوای داخوازیی نایاسایی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بەم ئەندامێتییە بە پشتبەستن بە بانگەشەی بێ بنەما و بەڵگەی هەڵبەستراوو بە کەڵک وەرگرتن لە گێڕانەوەی ساختە و بەپێچەوانەی دەقی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٢٩ دەنگی بەڵێ، ٨ دەنگی نەخێر و ١٦ دەنگی بێلایەن کۆتایی پێ هات.

ھەر لەم پەیوەندییەدا بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەمەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەکاتێکدا کەڕڕەنای بەرگریکردن لە مافی ژنان دەژەنن کە بەپێی ئامارەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، بۆخۆیان گەورەترین پێشێلکاری مافەکانی ژنانن، جەختی لەوە کردوەتەوە کە، ئەوانەی وا خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژن و گەورەترین زیندانەکانی مێژووی جیهان بەڕێوەدەبەن، ئەو وڵاتانەی کە جیاکاری لە نێوان سپی پێستەکان و ڕەنگین پێستەکان تیایاندا ھەرا دەکات، ئەمڕۆ بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و وڵاتێک کە بۆخۆی قوربانیی تیرۆرو سزاو بایکۆتی دڕندانەیە بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەزانن.

لە بەیاننامەی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران دا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە، پێکهاتە کاریگەرەکانی پەیوەست بە ژنان لە دوای شۆڕشی ئیسلامی، گرنگیدانی تایبەت بە ژنان لە بەرنامەکانی گەشەو یاساکانی پەیوەست بە ژنان ، ھەرهەموویان ئاماژەن بۆ سەرنجی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەم پرسە گرنگە.

لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا ھەروەھا ھاتووە: هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان  کە لە دەرەوەی پەیڕەو و بە ڕەفتارێکی تەواو سیاسی لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپی، کە بۆخۆیان زیاترین ڕۆڵ لە چەوساندنەوەی ئافرەتان و بە کاڵاکردنیان دەگێڕن، دێتە ئەژمار، لە ڕاستی دا  هەنگاوێکی پڕ لە چەواشەو ستەمکارانەیەو دیارە ئەمریکا و ڕۆژئاوا کە خۆیان جێبەجێکاری سیاسەتی نامرۆڤانەی ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنین، دەبێ لەم بارەیەوە وەڵامی بیروڕای گشتیی جیهان بدەنەوە.

سەرپەیڤ