کانونی یه‌که‌م 23, 2022 18:24 Asia/Tehran
  • ئیمام جومعەی سنە: ھەوڵی ھێزەکانی ئاسایشت بۆ بەرپەرچدانەوەی پیلانی دوژمن جێگای ڕێزە

ئیمام جومعەی شاری سنە ستایشی هەوڵ و تێڕوانینی ھێزەکانی ئاسایشتی کرد، لەمەڕ چاودێری و پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان و بە جێگای ڕێزو دەستخۆشیی زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ئیرنا، مامۆستا «فایەق ڕۆستەمی» لە وتاری نوێژی هەینیی شاری سنە وتی:دوژمن بەردەوام پیلان و ئاژاوەی ترسناک لە دژی ئێران و حکومەتی ئیسلامی دادەڕێژێت، بەڵام بەرچاوڕوونی و لە سەر ھەست بوونی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئاسایشت ڕێگر بووە لە بەردەم جێبەجێکرانی ئەو پیلانانە، کە جێگای دەستخۆشییە، چونکە ئاسایشت ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بنیاتنان و ئاوەدان کردنەوەی وڵات.

بەڕێزی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە: پێویستە خەڵک و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان بە یەکگرتوویی لە دژی پیلان و کاریگەریی دوژمن بوەستن و هەنگاو بنێن بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی وڵات.

وتاربێژی نوێژی جومعەی سنە جەختی لەسەر پێویستیی ڕەچاوکرانی داب و نەریتی ئیسلامی لە کۆمەڵگادا کردەوە و وتی: ناگونجێ لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا کچان و ئافرەتان باڵاپۆشەکانیان فڕێ دەن و شانازیی پێوە بکەن.

ئیمام جومعەی شاری سنە حکومەتی لە خەڵک و خەڵکیشی بە ئاغاو سەروەری حکومەت ناوبرد و وتیشی: کاربەدەستان دەبێ خزمەتکاری دڵسۆزی خەڵک بن و هەنگاوی بەبڕشتانە ھەڵگرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی ئاسایشی بژێوی ژیان .

لە کۆتاییدا مامۆستا ڕۆستەمی ئاماژەی بە تاقیکردنەوەی مرۆڤی موسڵمان لەلایەن خوداوەندەوە کردو وتی: خودا بە درێژایی تەمەن و بە هەموو جۆرە کێشەیەکەوە چەندین جار تاقیمان دەکاتەوە و دیارە ئەوانەی لەم ئاراستەیەدا پشوودرێژو سوپاسبێژ بن ڕزگاریان دەبێت.

 

سەرپەیڤ