کانونی یه‌که‌م 31, 2022 20:53 Asia/Tehran
  • وردەکاریی قۆناغی دووھەمی تاکتیکی مەشقی زوڵفەقاڕی ١٤٠١

وتەبێژی مەشقی ھاوبەشی «زوڵفەقاڕی ١٤٠١» وردیاتێکی گرینگی لە بارەی قۆناغی دووھەمی تاکتیکی مەشقەکە ڕوون کردەوە.

ئەمیری سەرتیپ «عەلیرەزا شێخ»، وتەبێژی مەشقی هاوبەشی «زوڵفەقاڕی ١٤٠١» لە وتووۆێژێکدا لەگەڵ ھەواڵدەریی ئێران پرێس، لە ناوچەی مەشقی هاوبەشی «زوڵفەقاڕی ١٤٠١» وتی : لە قۆناغی دووھەمی تاکتیکی مەشقەکەدا، ئەرکی جۆراوجۆرمان لە بەرنامەدایە، کە بەشێکی تەواو بووەو بەشەکەی دیکەی بە شەودا ئەنجام دەدرێت.

وتەبێژی مەشقی هاوبەشی «زوڵفەقاڕی ١٤٠١» وتیشی: ئۆپەراسیۆنی پەیوەست کردنی هێزی دەریایی لەگەڵ هێزی وشکانی ئەنجام دەدرێت و دواتر پەرە بە دۆخەکە دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن دەست بگرن بەسەر ئامانجە پێشوەختە دیاریکراوەکاندا.

ئەمیری سەرتیپ «عەلیرەزا شێخ» جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەوەی لەم قۆناغەی مەشقەکەدا گرنگە، یەکگرتن و تێکەڵکردنی هێزی جۆراوجۆرە لە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆن و چەندین سیستەم لەگەڵ یەکتردا، لەوانەش موشەکی دوور مەودا و مامناوەند و کورت مەودا و جۆری ھەمەچەشنەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرە مەبەستی وێرانکەر.

وتەبێژی مەشقی هاوبەشی «زوڵفەقاڕی ١٤٠١» وتیشی: لەم قۆناغەی مەشقەکەدا سیستمە جیاوازەکان دەبێت لەسەر یەک ئامانج چڕبکرێنەوە، بۆیە تێکەڵکردنی ئەم سیستەمانە لەسەر یەک ئامانج لە چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراودا ئەرکێکی پیشەیی و تایبەتمەندە کە هێزە جیاوازەکانی بنکەی  زوڵفەقاڕ ئەرکی ئەنجامدانیان لەسەرە.

مەشقی هاوبەشی زوڵفەقاڕی ١٤٠١ی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٩ی دیسامبەری ٢٠٢٢ەوە بە ڕەمزی یا زەهرا (س) لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات، کەنارەکانی مەکران، مەودای ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز ھەتا گردوپەڕی بەندەری گواتر و دەریای عومان تا جەغزی ١٠ پلەیی باکووری ئەقیانووسی هیند، دەستی پێکراوە.

 

سەرپەیڤ