کانونی دوھەم 06, 2023 11:54 Asia/Tehran
  • پوچەڵکرانەوەی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەرفراوان بۆ سەر بانکی ناوەندیی ئێران

سەرۆکی کۆمپانیای پێوەندییە ژێرخانی و بنەماییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەرفراوان بۆ سەر بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پوچەڵ کراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، «ئەمیر محەممەدزادە لاجەوەردی»، سەرۆکی کۆمپانیای پێوەندییە ژێرخانی و بنەماییەکانی ئێران لە فەزای مەجازیدا نووسیویەتی: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی ئێران و پلاتفۆرمی «بەڵێ» و «ڕوبیکا» کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی «قەدەغەی خزمەتگوزاری دابەشکراو_DDoS» و بەرپەرچدرانەوە.

«محەممەدزادە لاجەوەردی» وتیشی: لەم ڕۆژانەدا زۆرترین قەبارەی هێرشە دەرەکییەکان دەکرێتە سەر بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان، دابینکەرانی ئینتەرنێت و ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئێران، کە ھەڵبەت بەردەوام بەرپەرچ دەدرێتەوە.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لەم ڕۆژانەدا بە جۆرێک جێگەی شەڕە فیزیکییەکانیان گرتووەتەوە.

بەڵگە زۆر لە ئارادایە لە مەڕ ئەمەی کە زۆربەی ئەوهێرشانەی لە جیهاندا  بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو ئەنجام دەگرێن، کاری هاوبەشی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنی و دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیایە، لەوانەش بارەگای پەیوەندییەکانی حکومەت (GCHQ)ـە، ھەرچەند لە هەندێک حاڵەتدا گروپە تاوانکارەکانیش بریکارانە ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن.

سەرپەیڤ