کانونی دوھەم 12, 2023 12:37 Asia/Tehran
  • ئامادەیی ئێران بۆ ڕۆڵگێڕان لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختی لە ئامادەیی ئێران بۆ ڕۆڵگێڕانی کارا و بنیاتنەر لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کردەوە.

ئێران و ڕووسیا لە بوارەکانی دوو قۆڵی بەتایبەت پەیوەندییە ئابووری و سەربازی و ئەمنییەکان و هەروەها پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تاکلایەنەخوازیی ئەمریکی، بەرژەوەندیی ستراتژیکی هاوبەشیان هەیە و ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاوکاریی نزیکی هەردوولا بووە لە ساڵانی ڕابردوودا .

سەرۆکانی ئێران و ڕووسیا دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی پەرەپێدانی هاوکاریی دوو قۆڵی و ناوچەیییان کرد.

ھەرلەم پێوەندییەدا و بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، جەختی لە گرنگیی پەرە پێ دانی بەردەوامی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵات کردەوە بە تایبەت لە بواری ترانزێت و وزە بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییە سودبەخشەکان بۆ گەلانی هەردوولا و هەروەها وڵاتانی ناوچەکە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جەختی کرد کە تەنیا بە هاوکاری و هەماهەنگی دەتوانرێت پرسە ناوچەییەکان لەوان لە قەفقاز و سوریا چارەسەر بکرێن و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە جەخت لە سەر بەهێزکردنی یەکگرتوویی ناوچەیی و زیانی دەستێوەردانی دەرەکی دەکاتەوە.

ڕەئیسی لە بارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریاش  جەختی لە بەتەوەرەکردنی چوارچێوەکەی "ئاستانە" کردەوە و ئامادەیی ئێرانی بۆ ڕۆڵێکی کارا و بنیاتنەر لە پێناو کۆتایی هێنان بە ململانێکان و دامەزراندنی ئاشتی لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش، هاریکاریی ئابووریی هەمەلایەنەی بە زۆر سوودبەخش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسف کرد و وتی: فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەوانەش لە بواری ترانزێت و وزە، بە قازانجی ئابووریی تێکڕای  ناوچەی ئۆراسیایە.

پوتین هەروەها پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی ئێران کرد بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئۆکرانیا و جەختی لە هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا لە چوارچێوەی "ئاستانە" کردەوە.

سەرپەیڤ