کانونی دوھەم 23, 2023 23:03 Asia/Tehran
  • ڕەئیسی: پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ پتەوتر و باشتر دەکرێ

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی دومای دەوڵەتی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە: پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بەردەوام پتەوتر و باشتر دەبن.

ڕۆژی دووشەممە «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ «ڤیاچێسلاڤ ڤالۆدین» سەرۆکی دۆمای ڕووسیا کۆبووەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «ڕەئیسی» لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی دومای ڕووسیا وتی: کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی تاران و مۆسکۆ، جگە لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردووک وڵات، دەتوانێ بەرژەوەندیی ناوچەییش دروست بکات.

ڕەئیسی بە ئاماژە بەوەی کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بەردەوام پتەوترو لە حاڵی باشتربووندایە، وتیشی: دوو وڵات توانای هەمەچەشن و زۆریان هەیە لە بوارە جیاوازەکانی بازرگانی، وزە، ترانزێت و گواستنەوەدا، کە دەتوانرێت لە بواری فراوانکردنی هاوکارییەکان چالاک بکرێت.

سەرۆک کۆمار هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیڕەوی لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ڕووسیا دەکات و تواناکانی هەردوولا دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن و بەکارهێنانیان جگە لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات، دەتوانێت سوودی بۆ تەواوی ناوچەکەش ھەبێت.

"ڤیاچێسلاڤ ڤالۆدین"، سەرۆکی دۆمای ڕووسیاش، هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری ئێرانی سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندیی ناوچەیی و دراوسێیەتیی بە ئاسانکاری بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات زانی.

ڤالۆدین وتی: ڕوسیاش هەمان ڕێباز و بۆچوونی هەیە سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی ئاستی کارلێکەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی مۆسکۆش لەسەر بنەمای ئیرادەی سەرکردەکانی دوو وڵات بۆ هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی هاوکارییەکان دامەزراوە.

سەرپەیڤ