ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: ئێران یارمەتی سەقامگیری و ئاسایشی ئەفریقا دەدات
وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری مۆریتانی وتی: ئێران پێشەنگی شەڕی دژ بە تیرۆرە و ڕۆڵی ھەیە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەی ئەفریقا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی لەگەڵ «محەممەد وەلەد غەزوانی» سەرۆک کۆماری مۆریتانیا لە نواکیشۆت، کۆبوونەوە و وتووێژەکانی زۆر بنیاتنەر باس کردو وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەتێکیش ڕەخسا بۆ ئەوەی لەمەڕ بابەتگەلی جۆربەجۆری دوولایەنە، ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە نزیکەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی سەرۆک کۆماری موریتانی ئاشنا ببم.
«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» بە ستایش کردنی هەوڵە بنیاتنەرو بەنرخەکانی سەرۆک کۆماری مۆریتانی لە مەڕ بەدواداچوونی دەستپێشخەریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە سەحرای ڕۆژئاوایی، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەقامگیری و ئاسایشی کیشوەری ئەفریقا و هەروەها بۆ گەییشتن بە جیهانێکی سەلامەت و ئارام پشتیوانی دەکات.
«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە گەییشتە شاری نواکیشۆتی پایتەختی مۆریتانیاو لە لایەن «محەمەد سالم وەلەد مەرزوک» وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە پێشوازیی لێکرا.