هەنگوینی ئێران هەناردەی چین دەکرێت
بەڕێوەبەری پڕۆژەی پەرەپێدانی هەنگەوانیی سەربە وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵی ئێران باسی هەناردەکرانی هەنگوینی ئێرانی بۆ وڵاتی چینی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،«تورەج سارمی»، کارگێڕی پڕۆژەی پەرەپێدانی هەنگەوانیی سەربە وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵی ئێران، وتیشی: یاداشتێکی لێکگەیین لەگەڵ چین واژۆ کراوە کە هەنگوینی ئێرانی بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەناردەی ئەو وڵاتە بکرێت.
«سارمی» ئاماژەی بەوەشکرد: لە قۆناغی یەکەمدا لێکگەیین بۆ هەناردەکردنی ٥٠٠ بۆ دووهەزار تۆن هەنگوین بۆ چین واژۆ کراوە، ئێمەش زەمینە دادەڕێژین بۆ پابەندبوون بە پرۆتۆکۆڵە تەندروستییەکانی ئەم وڵاتە.
کارگێڕی پڕۆژەی پەرەپێدانی هەنگەوانیی سەربە وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە، بە پێی داواکاریی لایەنی چینی سەبارەت بە ناردنی نمونەی هەنگوینی ئێرانی و ئانالیزەکەی، لە ئێستادا پڕۆسەی هەناردەکردن لە ئارادایە و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ھەلی هەناردەکردنی هەنگوینی بە کوایتی ئێرانی بە دامەزراندنی هێڵێکی ڕاستەوخۆو بەردەوام لەنێوان هەردووک وڵاتی ئێران و چین، بڕەخسێت.
جێگای ئاماژەیە لە ساڵێکدا پتر لە ١١٥ ھەزار تۆن ھەنگوین لە ئێراندا بەرھەم دێت.