شوبات 03, 2023 17:34 Asia/Tehran
  • ئیمام جومعەی پاوە: لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێراندا خزمەتی باش بە  ناوچە سەر سنوورییەکان  کراوە

ئیمام جومعەی پاوه وتی: بەهۆی بارستایی و تواناکانی ناوەنڕاستی وڵاتەوە، ئەو پارێزگایانەی لە ناوەڕاست دا ھەڵکەوتوون سوودی زیاتریان لە خزمەتگوزارییەکانی شۆڕش بردووەو لە پەراوێزی وڵات ئەم خزمەتگوزارییانە کاڵ ترن، بەڵام ئەگەر بە ویژدان بین، لە ناوچە سەر سنوورییەکانیش خزمەتی باش کراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، مامۆستا مەلا «قادر قادری» لە وتاری نوێژی هەینیی ئەم حەوتەیەی پاوە، وێڕای پیرۆز کردنی دەیەی فەجرو ساڵوەگەڕی ڕۆژانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران وتی: جەماوەری پاوەو ھەورامان یۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی شۆڕش ڕەنجی زۆریان داوەو لەو لایشەوە   سوودی باشیان لە خزمەتگوزارییەکان وەرگرتووە.

وتیشی: دەیەی فەجرو ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و بەتایبەت ڕۆژانی ١٢ ھەتا ٢٢ی مانگی ڕێبەندان، ئەو ڕۆژە گرنگانەن کە لای ئێمە ڕێزێکی تایبەتییان ھەیە.

جەختی لەوەش کردەوە: شۆڕشی ئیسلامی لە سەردەمی ئێستادا شۆڕشێکی جەماوەریی و ناوازە بوو کە هەموو نەتەوە و ڕەگەز و زمانەکان بەشدارییان لە سەرکەوتن و بەردەوامییەکەی دا کردووە و هەمووان چاوەڕوانیی ئەوەیان ھەبووەو ھەشیانە کە بە شێوەیەکی یەکسان و ھاوتەریب لە خزمەتگوزاری و بەرەکەتەکانی حکومەت و نیزام بەھرە وەربگرن.

ماموستا قادری وتیشی: بەو پێیەی کە نەتەوەی ئێران هۆکاری سەرەکیی پێکھاتنی شۆڕش بووە، ٤٣ ساڵ شەڕی داسەپاو، شەڕی دەروونی و بایکۆت و گەمارۆی ئابووری و هەڕەشەی جۆراوجۆریان بە ھەموو ھەست و نەستیانەوە قبوڵ کردووە.

وتاربێژی نوێژی ھەینیی پاوە ڕاشیگەیاند: خۆشبەختانە لە ناڕەزامەندی و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەدا، خەڵک و بەرپرسانی شارەکەمان، بە تایبەت ئەندامانی ئەنجومەنی دابینکردنی ئاسایش، زۆر باش جوڵانەوە کە هەوڵ و زەحمەتەکانیان بەرز دەنرخێنن.

مامۆستا «مەلا قادر قادری» ئاماژەی بەوەش کرد کە، لە چەند رۆژی رابردوودا مزگەوتێکی پیشاوەری  پاکستان ھێرشبەرێکی خۆکوژ خۆی تیادا تەقاندەوە کە لە ئەنجام دا زیاتر لە ٩٠ کەس گیانیان لە دەست داو نزیکەی  ٤٠٠ کەسیش برینداربوون، دیارە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بە ھەند نەگیرانی ئاسایش لەو وڵاتەدا.

وتیشی: ئاسایش زۆر گرنگەو هەرچەندە ڕووبەڕووی کێشەو گرفتی ئابووری و بژیویین لە وڵاتدا، بەڵام دەبێ شوکرانەبژێرو سوپاسگوزار بین  بۆ ئەو ئاسایشت و ھێمنایەتییەی وا بە سەر وڵات و ناوچەکەدا زاڵە.

مامۆستا قادری بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە  تەقاندنەوەو تیرۆرکردن و ھێرشی خۆکوژانە لە ڕیزی  فێرکارییە ئایینیەکاندا نین بەڵکو خیانەت لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشن،ووتی: هەموو میرخاسانی دینی و ئیمامان و زانا و کتێبە ئاسمانییەکان کۆمەڵکوژی و کوشت و بڕو قەڵاچۆکردنی ئەندامانی کۆمەڵگایان ڕەت کردووەتەوە و بە دزێوو حەرامیان زانیوە.

سەرپەیڤ