شوبات 04, 2023 13:14 Asia/Tehran
  • سەرتیپ واحیدی: شۆڕشی ئیسلامی بووە هۆی ئاوابوونی هەژموونیی ئەمریکا

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی جەوهەریی لە فراوانبوونی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان و ئاوابوونی هەژموونیی ئەمریکادا هەبووە.

١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی کۆچیی ھەتاوی ڕێککەوت لەگەڵ یەکەمی فڤریەی ٢٠٢٣ دەستپێکی دەیەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ناسراو بە «دەیەی فەجر»ـە.

٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچیی ھەتاوی (١ی فڤریەی ١٩٧٩)، ئیمام خومەینی (ڕە) دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش پانزە ساڵ دابڕان و دوورخرانەوە لە نیشتمانەکەی، لە گەرمەی پێشوازیی پڕ لە جۆش و خرۆشی خەڵک گەییشتەوە خاکی ئێرانی ئیسلامی.

دوای تێپەڕینی دە ڕۆژ لە گەڕانەوەی حەزرەتی ئیمام بۆ وڵاتی ئێران، لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ (١١ی فڤریەی ١٩٧٩)، شۆڕشی شکۆمەندی ئیسلامیی ئێران سەرکەوت. هەر لەبەر ئەمە لە ١٢ی ڕێبەندانەوە، واتە ئەو ڕۆژەی کە ئیمام خومەینی (رە) گەییشتەوە ئێران، ھەتا ٢٢ی ڕێبەندان کە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە، وەک «دەیەی فەجر» ناودێری کراوەو هەموو ساڵێک ئا لەم ڕۆژانەدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.

هەر لەم ئاراستەیەداو بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەمیری سەرتیپ «حەمید واحیدی» فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لە لێداوانێکدا پێش وتاری نوێژی هەینی ئەم حەوتەیەی تاران، پیرۆزبایی ڕۆژانی دەیەی فەجری سەرکەوتنی شۆڕشی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی ئیسلامی بە پشتیوانی کردن لە بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیستییەکان ڕۆڵێکی جەوھەری و بنەمایی هەبووە لە پەرەسەندنی بزوتنەوە ئازادیخوازەکان و ئاوابوونی هەژموونیی ئەمریکاو، وتیشی: دوژمن لەوە تێگەییشتووە کە شارستانیەتی گەورەی ئیسلامی خەریکە دروست دەبێت.

سەرتیپ «واحیدی» ئاماژەی بەوەش دا کە شۆڕشی ئیسلامی بۆ هەموو سەردەمەکان نمونەیەکی  ناوازەی بەرخۆدانی پێشکەش کردووەو وتیشی: یەکێک لە هۆکارەکانی دەست پێ بوونی شەڕی داسەپاوو بەردەوام کرانی دوژمنایەتییەکان ھەتا ئەمڕۆ، دابەزینی ئاستی دەستەڵاتی ڕۆژئاوا بە سەر سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و شکستهێنان لە زاڵ کردنی ڕژێمی ساختەی زایۆنی بە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدایە.

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەبیریشی هێنایەوە: دوژمن هەموو کەرەستەو مسۆگەراتی خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی بەکار هێناوە و بەرهەمەکەشی ئەو شەڕە تێکەڵاوانەیە. شەڕێک کە بە نیازی بەلاڕێ دا بردن و یان پاشگەزکردننوەی گەلی ئێران لە ڕێگای پێشکەوتنە.

 

سەرپەیڤ