شوبات 11, 2023 16:22 Asia/Tehran
  • بڕیارنامەی ڕێپێوانی ٢٢ی  ڕێبەندان: یەکگرتوویی، گرنگترین ستراتیژیای ئێرانییەکانە بۆ شکست پێ هێنانی دوژمن

جەماوەری ئێران لە بڕیارنامەی کۆتایی ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان دا، یەکڕیزی، یەکگرتوویی، یەکانگیربوون، ھاوپشتیی نیشتیمانی و ھاوسۆزیی هەموو چین و توێژەکان و هاوڕێیەتیی هەموو نەتەوە و ئایینەکانی وڵاتیان وەک ئەرکێکی شەرعی و شۆڕشگێڕانە و بە گرنگترین ستراتیژیا بۆ شکست پێ هێنانی دوژمن ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن؛ لە بڕیارنامەی کۆتایی ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندانی گەلی ئێراندا ڕوو لە سەرکردە ئیستکبارەکان و بانگەشەکارانی ئازادیی ڕادەربڕین کە لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڕووناکاییی قورئان، دژایەتیی ئیسلام و ئیسلام ترسێن کردنیان کردووە بە ستراتیژیای خۆیان، ھاتووە: ئەمڕۆکە حەق بوونی پەڕتوکی ئاسمانیی قورئانی پیرۆز بۆ مرۆڤی ڕۆژئاوایی زیاتر ڕوون بووەتەوە کە بەهۆی قوتابخانە دروستکراوەکانی مرۆڤەوە سەری لێ شێواوە و تینووی ئەخلاق و مەعنەویەتە.

ئەم بڕیارنامەیە دەشڵێت کە خەڵکی ئێرانی ئیسلامی لە مێژە ئاگاداری تێڕوانینی دوژمنکارانەو وێرانکەر، زەلیلکەر و سوکایەتی پێکەرو قێزەونی کولتوری ڕۆژئاوایی بەرامبەر بە ژنان و دەرەنجامە ترسناکەکانی بۆ گەشەکردن و بەرز بوونەوەی ئاستی کچان و ژنان لە بوارە جۆراوجۆرە زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و وەرزشی دان، ھەر بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵات دەکەن بە تەگبیرێکی گونجاو پێش بە جێبەجێکرانی پلانە خراپەکانی دوژمن و خەوشێندرانی کەرامەت و بەها بەرزەکانی ژنانی ئێرانی بگرن.

جەماوەری ئێران لەم بڕیارنامەیەدا  هۆشداریی بە وڵاتانی ئەورووپی داوە کە وریا بن بە ھۆی بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی توشی هەڵەیەکی مێژوویی نەبن ، چونکە گەلی ئێران ئەو کارە بە ڕاگەیاندنی شەڕ لێک دادتەوەو ئەوسا دیداری لەگەڵ  سپای پاسداران دا دەکەوێتە تەنگەبەرە ستراتژییەکان و گۆڕەپانە دژوارەکان.

نەتەوەی بەرچاو ڕوون و شۆڕشگێڕی ئێران ھەروەھا لەم بڕیارنامەیەدا جەختی لەسەر شەرعیەتی بەرەی خۆڕاگری و پێویستیی بەرگری و پشتیوانی لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین، لوبنان، سوریا و یەمەن و بەهێزکردنی قووڵایی ستراتژیای نیزامی کۆماری ئیسلامی کردەوە.

لەم بڕیارنامەیەدا خەڵکی ئێران وێڕای هاوخەمیی دەربڕین لەگەڵ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی شاری خوی لە ئێران،دەربڕی و  بۆ ڕووداوە دڵتەزێن و خەمناکەکانی بوومەلەرزەی تورکیا و سوریاش سەرەخۆشییان کردو داوایان لە هەموو گەلان و حکومەتەکان بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی کرد ، بۆ سووککردنی ئازار و ناخۆشیەکانی ئەو دوو نەتەوەیە ئەرکی مرۆڤی و ئیسلامیی خۆیان بەجێ بھێنن.

سەرپەیڤ