شوبات 14, 2023 23:22 Asia/Tehran
  • ڕەئیسی: پتەوبوونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و پەکین کاریگەرە لە بەرز کردنەوەی ئاستی ئاسایشتی جیهان

سەرۆکی کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە میانەی دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری چین وتی: پتەوبوونەوەی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان تاران و پەکین کاریگەریی لە سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ «شی جینپینگ» سەرۆک کۆماری چین دیداری کرد و جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە ڕووی جۆراوجۆری ئابووری، بازرگانی، زانستی، تەکنەلۆژی و ڕۆشنبیری کردەوەو جێبەجێکرانی بەڵگەنامەی ستراتژیی هاوبەشی گشتگیری لە نێوان ئێران و چین بە ڕێوشوێنێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی سەقام و ئاشتی لە ناوچەکە دا زانی.

ڕەئیسی بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و چین ھاوڕێی ڕۆژی تەنگانەن و دیارە ھاوڕێیەتی لە ڕۆژی تەنگانەش پتەوکەرەوەی پەیوەندییەکانی لە ڕۆژانی دیکەدا ، تیشکی خستە سەر پێداگریی سەرۆک کۆماری چین لەمەڕ ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی تاکلایەنەخوازی لە ئاستی نێودەوڵەتیداو ئینجا، جەختی لە پێویستیی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان کردەوە.

«شی جینپینگ» سەرۆک کۆماری چینیش بە ئاماژەدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی چین و ئێران، جێبەجێکرانی بەڵگەنامەی ستراتژیی هاوبەشی گشتگیری نێوان دوو وڵاتی لە قووڵکردنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵات بە کاریگەر زانی و وتیشی: چین باوەڕێکی پتەوی هەیە بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دا.

سەرۆک کۆماری چین بە ڕەخنەگرتن لە تاکلایەنەخوازی و ڕەفتاری ستەمکارانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وتیشی: بەداخەوە ئەم وڵاتانە بەردەوامن لە پێداگری لەسەر ڕوانگەی هەڵەی سەردەمی شەڕی سارد و دیارە ئەمەش زیانی بە دابی نێودەوڵەتی و ئاشتی و ئاسایشی جیهانی گەیاندووە.

سەرۆک کۆماری چین وێڕای ستایش کردنی هەڵوێست و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە زووترین کاتدا کردەوە وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی فرەلایەنی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

«سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆماری چین بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئابووری و سیاسی سەردانی چینی کردووە.

سەرپەیڤ