ڕەئیسی: سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنیاتنانی متمانە و لێکنزیکبوونەوەی ئابووری لە ئاسیا دامەزراوە
سەرۆکی کۆماری ئێرانی ئیسلامی سیاسەتی ئێرانی لەسەر بنچینەی متمانەچێکردن لە بواری دراوسێگەری و لێکنزیکبوونەوەی ئابووری لە ئاسیا وەسف کرد.
ڕەئیسی سەرۆکی کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) دوای دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی چین گەییشتەوە تاران.
لەم ڕووەوەو بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، بەدەم گەییشتنەوەی بە تاران، لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ئەم گەشتەی، وتی: سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریتییە لە متمانەچێکردن لە بواری دراوسێگەری و لێکنزیکبوونەوەی ئابووری لە ئاسیاداو ئەم گەشتە گرنگ بوو چونکە دەتوانێت لە بواری ئابووری و بازرگانیدا ڕێککەوتنەکان بباتە واری جێبەجێ کردنەوە؛ ھەربۆیە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمارەکان ٢٠ یاداشتنامەی لێکتێگەییشتن لە نێوان هەردووک وڵات واژۆ کرا.
ڕەئیسی ئاماژەی بەوەش دا کە لەم سەفەرەدا بەدواداچوون بۆ هاوکارییەکان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و دەرەوەی و هەرێمیەکان کراوە و وتیشی: چین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەیماننامەی شانگهای کە ئێران بووەتە ئەندامی و لە لایەکی دیکەشەوە گفتوگۆیەک هەبووە سەبارەت بە ئەندامێتی ئێران لە بریکس، کە لە لایەن چینەوە پێشوازیی لێکرا.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئێران ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە بواری ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا و ڕاشیگەیاند: چین وەک ئابوورییەکی تازەپێگەیشتوو لە جیهاندا هەژمار دەکرێت و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەم وڵاتە دەتوانێت بۆ ئێمە گەلێک کاریگەر بێت.
دیدارو گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی چین، واژۆکردنی بەڵگەنامەکانی هاوکاریی ستراتیژی لە کەرتە جیاجیاکان، پێشکەشکردنی وتارێک لە زانکۆی پەکین، کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆشنبیر و بیرمەندانی باڵای چین، دیدار لەگەڵ نوێنەرانی دەیان کۆمپانیای گەورەی بازرگانیی چینی و کۆمپانیا پیشەسازییەکان و دیدارلەگەڵ موسڵمانانی پەکین لە مزگەوتی مێژوویی «دۆنگ سی» لە پلانەکانی گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ چین بوو.