شوبات 17, 2023 19:30 Asia/Tehran
  • ئیمام جومعەی سنە: بەشداریی شکۆمەندی خەڵک لە ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئەرکی بەرپرسانی قورستر کردووە

ئیمام جومعەی سنە ڕایگەیاند: بەشداریی بەرفراوان و شکۆمەندی خەڵک لە ڕێپێوانەکەی ٢٢ی ڕێبەندان، دەربڕینی ئەمەگداری و دڵسۆزیی گەل بۆ نیشتمان و شۆڕش بوو کە دیارە ئەرکی بەرپرسانی قورستر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ئیرنا، «مامۆستا فایەق ڕۆستەمی» لە وتاری نوێژی هەینیی ئەم حەوتەی سنەدا، وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی پێویستی بە تواناییە، ڕاشیگەیاند: بەشداریی شایستەی خەڵک لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان دوای ٤٤ ساڵ، یەکگرتوویی و یەکانگیر بوونی نێوان خەڵک و حکومەت بوو،ھەربۆیە دەسەڵاتداران دەبێ بۆ خزمەتکردنی وەھا نەتەوەیەک لە ھیچ جۆرە ھەوڵدانێک خەمساردی نەنوێنن.

بەڕێزی لێبوردنی ڕابەری مەزنی شۆڕش و ئازادکرانی کۆمەڵێکی زۆرلە دەستگیرکراوانی ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی بە مزگێنی دەری داھاتوویەکی گەش بۆ وڵات زانی و وتیشی: هیوادارین ئەوەی وا بە ھەر شێوەیەک لە بەر ئاژاوەکانی ئەم دواییانە لە زینداندایە بەم زووانە ئاراد بکرێت، وەک چۆن مزگێنییەکەی دراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتارخوێنی نوێژی هەینیی شاری سنە ستایشی خزمەتی دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و دامەزراندنی مێزی خزمەتگوزاری لە مزگەوتی گەورەی شاری سنەی کرد و وتیشی: هیوادارین بە هەوڵی بانکەکان ڕۆژێک دابێت کە ھیچ گەنجێک بەبێ ماڵ و ئیش و کار نەبێت.

«مامۆستا ڕۆستەمی» لە کۆتایی قسەکانی دا ئاماژەی بە جەژنی میعراج و ھەڵبژێردرانی پێغەمبەری سەردار(ص)یش کرد و وێڕای  پیرۆزکردنی ئەم بۆنە گەورەیە لە هەموو موسڵمانان، جەختی لەوەش کردەوە کە: بە ھەڵبژێردرانی حەزرەتی موحەممەد(ص)، نەزانی و تاریکایی دونیای بەجێهێشت و ڕووناکایی و ڕەحمەت هەموو جیهانی گرتەوە.

سەرپەیڤ